پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، لەماوەی سێ ساڵی کارکردنمان مووچەی 13 هەزار کەمئەنداممان گەڕاندووەتەوە کە بە ناڕەوا مووچەکانیان بڕدرابوو.
کوێستان محەمەد بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا باسی لە چالاکییەکانی وەزارەتەکە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە وەزارەتە گرنگ و خزمەتگوزارەکان، هەموو هەژار و کەمئەندامان و کرێکاران کارەکانیان لەلای ئێمە ڕایی دەکرێت، لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنمان ئێمە توانیومانە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی ئەنجام بدەین”.
وتیشی، “بۆ یەکەم جار پڕۆژە یاسای چاکسازی کۆمەڵایەتیمان ئامادەکردووە، هەروەها پڕۆژە یاسای سزای جێگرەوەمان ئامادە کردووە، کە ئەگەر پەسەند بکرێت چیتر هیچ کەسێک لەسەر دزینی شتێکى بچووکى کەم بەها کە ناچێتە خانەى تاوانەوە حوکم نادرێت و هەردوو پڕۆژە یاسای کار و پڕۆژە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان ئامادە کردووە و ناردوومانەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەریان دواتر و ئاڕاستەکردنیان بۆ پارلەمانی کوردستان”.
ئەوەشی خستەڕوو، “سەبارەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەهۆی کاراکردن و چاڵاککردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توانیومانە پێنج هەزار و 431 کۆمپانیا و 41 هەزار و 701 کرێکار دەستەبەر بکەین.
باسی لەوەشکرد، “سەبارەت بە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی کورتەباڵاکان، یاساکەیانمان هەموار کردۆتەوە لەبەرژەوەندییان، بە جۆرێک کە پەرە بە تواناکانیان بدرێت و وەک هەر کەسێکی ئاسایی لە ناو کۆمەڵگە ئەرک و مافەکانی خۆیان پیادە بکەن و هەروەها مووچەی ١٣ هەزار کەمئەنداممان گەڕاندووەتەوە کە بە ناڕەوا مووچەکانیان بڕدرابوو، لەگەڵ ئەوانەشدا ناسنامەی مەرکەزیمان بۆ کردوون، بۆ یەکەم جارە کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵا ببنە خاوەن ناسنامەی تایبەت بە خۆیان و بەهۆیەوە ماف و سەرمافەکانیان بەدەست بهێنن”.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی، “سەبارەت بە چاودێری خێزان لە کاتی کەرەنتینە و کەمبوونەوەی داهاتی خێزانە هەژارەکان و کرێکاران و کەمئەندامان، کابینەی نۆیەمى حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ جار هاوکاریی ئەم خێزانانەی کردووە بەم شێوەیە: یەکەمجار 200 هەزار پاکێج بۆ 200 هەزار خێزان دابین کرا، دواتر 14 ملیار دینار بەسەر 140 هەزار خێزاندا دابەش کرا و هەروەها لە درێژەى ئەم پەتایە و بۆ جاری سێیەمیش 350 هەزار پاکێج بەسەر 350 هەزار خێزاندا دابەش کران”.