پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: كۆچی دوایی تێكۆشەری دێرین و سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی كوردستان و یەكێك لە رەمزە دیارەكانی حزبی شیوعی عێراق هاوڕێ (كەریم ئەحمەد) نیگەران و خەمباری كردم.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، رایگەیاند: مامۆستا كەریم ئەحمەد لە نەوەی یەكەمی رێبوارەكانی رێگای كوردایەتی بوو كە هەمیشە بە هەڵوێست و بیری دیموكراتی و نیشتمانی دەناسرایەوە. وەك سەرۆك مام جەلال لە وەسفیدا دەیفەرموو (مامۆستا كەریم تێكۆشەرێكی خاكی، رەشۆكی، جەماهیری بوو. ئێمەمانانی خوێندكاری خۆی، وەك خۆی تەماشادەكرد و رێزی لێدەگرتین. هەتا سەریش هەر بەو جۆرە جوامێری و سەربەرزییە مایەوە لە دڵی ئێمەماناندا).
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: كۆچی دوایی كەسایەتییەكی وەك مامۆستا كەریم ئەحمەد كە نموونەی باڵاو سەربەرزی كوردایەتی و شۆڕشگێڕی بوو خەسارەتێكی گەورەیەوە و جێ و پێگەكەی پڕناكرێتەوە، بەڵام ژیان و ناوبانگی جوامێرانەی لە مێژووی گەلەكەمان بە شانازیی و بەزیندوویی دەمێنێتەوە و دەبێتە وانەیەكیش بۆ پاكی و سەر ڕاستی لەگەڵ نەتەوە و ئەو بیروباوەڕەی خەباتی بۆ دەكەین.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ لە دەستدانی ئەم كەڵە تێكۆشەرە، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بە كەسوكار و خزمان و هاوڕێیانی رادەگەیەنین و رۆحی بۆ هەمیشە شادبێت و سەبووری و ئارامیش بەهەموو لایەك ببەخشێت.