داهێنانی پێڵاوی تاك بە تاك و تەلەسكۆبی جیمس وێب

خودا دەفەرموێت (ان استطعتم ان تنفدوا من اقطار السماوات و الارض فانفدوا لا تنفدون الا بسلطان ) ،ئایەتی 33 سورەتی الرحمن.

چەندین تەئویلی جیاواز بۆ ئەم ئایەتە كراوە ، هەندێك دەڵێن : خودا ڕێگەی داوە بچنە بۆشایی ئاسمانەكان ، بەڵام ناتوانن بچن تەنها لە ڕێگەی زانستەوە نەبێت ( السلطان ) .

بەڵام لە زۆربەی تەفسیرەكاندا وشەی ( سلطان ) بە زانست لێك نەدراوەتەوە ، زۆربەشیان ئەو ئایەتە بە هەڕەشەیەكی خودا لێكدەدەنەوە لە ڕۆژی قیامەتدا ، واتە باس لەو ساتە وەختە دەكات كە مرۆڤ و جنۆكەی تێدا حەشر دەكرێت ، خودا دەفەرموێت: ئەی مرۆڤ و جنۆكەكان بڕۆن بە هەرچوار لای ئاسمانەكان و زەویدا هەڵبێن و ڕاكەن(تنفدوا) ، بەڵام ناتوانن لە فەرمانی خوداو ئەو قەدەرەی بۆی داناون هەڵبێن ، چونكە ئەو هەموو لایەكی لێگرتون ، فریشتەكات بە حەوت ڕیز وەستاون ، كەس ناتوانێت دەربازی بێت تەنها بە سوڵتان نەبێت ، سوڵتان واتە ( فەرمانی خودا ).

بانگخوازێكی ئاینی لەسەر وێنەكانی تەلەسكۆبی جێمس وێب دەڵێت : پێش هەزارو چوارسەد ساڵ قورئان دەفەرموێت (فادا انشقت السما‌ء فكانت وردە كالدهان ) ئایەتی (33) ، سورەتی (الرحمن)

ئەم ئایەتە پیرۆزەش باسی ساتەوەختی هاتنی ڕۆژی قیامەت دەكات ، ئەو ئاسمانە گەورەو فراوانە خودا وەكو لاپەرەكانی كتێبێك دایدەخات و دەیپێچێتەوە و دەیگێڕێتەوە بۆ بەر لەو كاتەی بەم شێوەیە دروستی كردوە ( یوم نطوی السما‌ء كطی السجل للكتب كما بدانا اول خلق نعیدە ) ئەو ئایەتەی بانگخوازەكەی خۆمان باسی دەكات هەر لەو ساتە وەختەدایە كە خودا بڕیاری كۆتایی هاتنی ئاسمانەكان و مرۆڤ و جنۆكەكانی داوە ، بەهۆی دابەزینی ئەو ژمارە زۆرەی فریشتەكانەوە ئاسمان شەق دەبا ( و یوم تشقق السما‌ء بالغمام و نزل الملائكە تنزیلا ) ، ئەو كاتە ئاسمان ( فكانت وردە كالدهان ) ، هەموو ڕەنگەكان لەخۆ دەگرێت .

ئا لێرەدا پەلە پەل و شپرزەیی و بڕیاردانی خێرا لە لایەن مامۆستایانی ئاینی و بانگخوازە بەڕێزەكانەوە سەرهەڵدەدات بەرامبەر هەموو پێشكەوتنێكی زانستی و داهێنانێكی مرۆڤ ، تیلسكۆبی جیمس وێب چەند وێنەیەكی گرتوە و دەڵێت ئەم وێنانە سیازدە ملیار ساڵ ڕێگەیان بڕیوە ئینجا گەیشتونەتە ئێمە ، كەواتە بە گوێرەی لێكدانەوەكەی بانگخوازەكەی ئێمە بێت دەبێت سیازدە ملیار ساڵ بەر لە ئێستە ڕۆژی قیامەت بەرپا بوبێت وڕویدابێت و ئێمە ئاگامان لێی نیە .

دوێنێ‌ هەر لە كاتی بینینی وێنەكانی جیمس وێبدا داهێنانی مامۆستایەكی ئاینی بەڕێزم بینی و سەرنجی ڕاكێشام ، ئێمە لەكوێ‌ و زانست لە كوێ‌ ؟ لە یەكێك لە مزگەوتەكاندا و لەبەر نەدزینی پێلاوەكانیان دوو مامۆستای ئاینیی تاك بە تاكیان پێكرد ، واتە تاكێك پێڵاوی یەكێكیان لەگەڵ تاكێكی ئەویدیاندا جوت كردو لەسەر ڕەفی هەڵگرتنی چونە ژورەوەی مزگەوتەكەدا دایاننا ، پاشان بە لایڤێك لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیەوە شانازی بەو داهێنانەوە كردو وتی : ئەوە داهێنانێكی نوێیە بۆ نەدزینی پێلاوەكان لە كاتی نوێژدا .

من بڕوا ناكەم چەند دانەیەك نەبێت هەموو گەلی كورد باوەڕیان بە خودایەكی تاك و تەنها هەیەو ئێمە باوەڕدارترین گەلی ئەم سەردەمەین ، مێژوش گەواهی ئەو ڕاستیەمان بۆ دەدات كە لە هەموو گەلانی دونیا زیاتر قوربانیمان بۆ ئەو ئاینە داوە ، بەڵام لێكدانەوەو تەفسیری ئایەتە پیرۆزەكانی قورئان لەگەڵ داهێنانە زانستییەكانی سەردەمدا كارێكی هەڵەی دور لە واقیعی خودا پەرستی و خودا ناسییە ، گێڕانەوەی هەموو داهێنانێكی زانستیش بۆ ئایەتەكان دورە لەو پەیامانەی خودا ویستویەتی لە ڕێگەی پەیامبەرەكەیەوە بیگەیەنێت بە مرۆڤەكان ، لێگەڕێن زانست كاری خۆی بكات و ئێمەو ئێوەش خوداپەرستی خۆمان بكەین بەو شێوەیەی خودا داوای دەكات .

خوداش دەفەرموێت ( ئەی مرۆڤەكان و جنۆكەكان تەنها كاری ئێوە پەرستنی منە ( و ما خلقت الجن و الانس الا لیعبدون )

كەواتە خودا پەرستی خۆتان بكەن و واز لە پێشكەوتنی زانست و داهێنانە زانستییەكانی وەكو جێمس ویب بن .

سەمەد زەنگەنە

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک