قاچاخچێتی و دەرمانی كۆرۆنا

سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا بازاڕی قاچاخچێتی و بازرگانیكردنی بە كۆمەڵێك دەرمان و چارەسەرەوە لە عێراق گەرمكردووە، كە بەدەر لەیاسا و رێساكان و دوور لە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێن و هەرێمیش لەمە بەدورنییە بەردەوام هاوڵاتیان دەڵێن، رەوشی تەندروستی هەرێم لە ئاساتێكی باشدا نییە.

رۆژنامەی سەباحی عێراقی لە راپۆرتێكیدا ئەوەی راگەیاندووە، لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەمانگی ئاداری ئەمساڵەوە لە عێراق، چەند رووداوێك هاتووەتە پێشەوە، كە دواهەمینیان بەرهەمهێنانی چەند دەرمانێكە بۆ چارەسەری توشبووان.

بازرگانی مەرگ

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەندێك “بازرگانی مەرگ” پەیدابوون دۆخی پێویستی خەڵكیان بۆ چارەسەر و دەرمان قۆرغكردووە و هەستاون بە بازرگانیكردنی جۆراوجۆر بەو دەرمانانە بەدەر لە پڕۆتۆكۆلەكانی وەزارەتی تەندروستی.
هەرێمی كوردستان بەدەر نییە لە قۆزستنەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لە بەرژەوەندی چەند كۆمپانیاو لایەنێك بۆ فرۆشتنی كەرەستە پزیشكییەكان و پێش كۆرۆناش كێشەی دەرمان و كوالێتییەكەی چەندین رووداوی نەخوازراوی بەدوا خۆیدا هێناوە.

لەبارەی دۆخی هەرێمەوە لە رووی بازرگانیكردن و قاچاخچێتی دەرمانەوە شنۆ ئەشقی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند: لەسەرەتایی دەستبەكاربوونمانەوە هەوڵمانداوە چارەسەری گرفتەكانی دەرمان بكەین و دوای شەش مانگ بەدواداچوون راپۆرتێكمان ئاڕاستەی حكومەت كرد و وەزارەتی تەندروستی بەڵێنیدا كاری لەسەر بكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیمان نەبینیوە.

لە كابینەكانی پێشتریشدا چەندین پرۆژە خراوەتەڕوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەسانی بەرپرس و باڵا لە پشت بازرگانیكردنن بە دەرمانەوە، بۆیە رەنگە دەستبرن بۆ ئەو بابەتە و چارەسەركردنی هێندە ئاسان نەبێت.

مادام رێگا هەبێت بۆ بە قاچاخ هێنانی گشت دەرمانەكان، بێگومان دەرمانی كۆرۆناش بەدەرنییە لەوە

سەبارەت بە بابەتی هاوردەكرندنی دەرمانی كۆرۆناشەوە ناوبراو وتی: مادام رێگا هەبێت بۆ بە قاچاخ هێنانی گشت دەرمانەكان، بێگومان دەرمانی كۆرۆناش بەدەرنییە لەوە و ئەوە ئەركی حكومەتە رێوشوێنی توندتر لە سنورەكان بگرێتەبەر بۆ رێگترن لە بەقاچاخ هێنانی دەرمان.

لە بارەی چارەسەری بەقاچاخهێنانی دەرمانەوە وتی: تەنیا رێگەش ئەوەیە حكومەت كەرتی دەرمان بە دامەزراوە بكات و خۆی دەرمان بهێنێت و رێگری لە كۆمپانیاكان بكات.

چەندین جۆر دەرمان پەیدابوون لە سەرانسەری جیهان و هەرێمی كوردستاندا كە بانگەشەیان بۆ دەكرێت بۆ نەخۆشی كورۆنا سودیان هەیە.

لەوبارەیەوە رۆژنامەی سەباح دەڵێت: گۆڕەپانەكەی ئەمجارەی بازرگانیكردن بە تەندروستیی هاوڵاتییانەوە هاوردەكردنی چەند دەرمانێكە لەژێر ناوەكانی ئەفیفافیری ڕوسی و رەمدیسفیری ئەمریكی و چەندین جۆری دیكە، كە ئەو دەرمانانە لەدەرەوە دزەیان كردووە و بەبێ چاودێری و بەشێوەیەكی نایاسایی كڕین و فرۆشتنیان پێوە كراوە بەنرخی جۆراوجۆر تا گەیشتووەتە ٣٠٠ دۆلار بۆ هەزار و ٢٠٠ دۆلار.

یەكێك لە قوربانیانی بازاڕی بازرگانیكردن بەچارەسەری كۆرۆنا ئاماژە بەوەكردووە، ئەو چارەسەرانەی بەنرخێكی زۆر گران كڕیوە و لەچەند دەرمانخانەیەك كە ئەو دەرمانانەیان بەشێوەیەكی ناشەرعی لەبەردەستدابووە، نرخی ئەفیفافیرە روسیەكە گەیشتووەتە ٣٨٠ دۆلار بۆ هەر پاكەتێك.

هاوردەكردنی دەرمانی تایبەت بە چارەسەركردنی كۆرۆنا لەلایەن دەرمانخانەكانەوە قەدەغەكراوە

بەپێی یاسا بەركارەكانی عێراق، هاوردەكردنی دەرمانی تایبەت بە چارەسەركردنی كۆرۆنا لەلایەن دەرمانخانەكانەوە قەدەغەكراوە.

مستەفا هەیتی نەقیبی دەرمانخانەكانی عێراق داوای چاودێریكردنی خاڵە سنورییەكانی كرد‌و وتیشی: پێویستە بەشێوەیەكی توندوتۆڵتر رێكارەكان بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لە هاوردەكردنی ئەو دەرمانانە بۆ بازاڕی دەرمانی عێراقی.

نەقیبی دەرمانخانەكانی عێراق هۆشداری ئەوەشدەدات چەندین دەرمانخانەی لاوەكی هەن كە تۆمار نەكراون و بەدوورن لە سیستم و یاساكان كە سەندیكاكەیان پشتی پێ دەبەستێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا