ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: ملكەچی حكومەتی عێراق نابین

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەكانی نابێت و ملكەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەكی حكومەتی فیدراڵی نابێت كە دەیەوێت مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6_7_2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ڕێوشوێنی جێبەجێكردنی فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داخستنی شوێنەكانی فرۆشتنی چەك و دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی كار، لە لایەن كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵاتی خرایەڕوو.

سەبارەت بە گرنگی پڕۆژە یاسای كار، جێگری سەرۆك وەزیران كە سەرپەرشتی لیژنەی وەزاریی ئامادەكردنی ئەم پڕۆژە یاسایەی دەكرد، سوپاسی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی پلاندانان و هەموو ئەو لایەنانەی كە بەشداربوون لە داڕشتنی ئەم یاسایە كرد و وتی، ئەم یاسایە یەكێكە لە یاسا هەرە گرنگەكان و یاسایەكی سەردەمیانەیە و كۆڵەكەی برەودانە بە ئابووریی و بازاڕ وكەرتی تایبەت و بەهاوكاری ڕێكخراوی جیهانی كارو پشت بەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان داڕێژراوەو هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤ و یەكسانی رەگەزی تێدا پارێزراوە.

ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاسای نوێی كاری پەسەند كرد و ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرا بۆ تەشریعكردنی.

بڕگەی سێیەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەی ڕاپۆرتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022 سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەكانی (بەكاربردن، پڕۆژەكانی وەبەرهێنان ، خەرجییەكانی نەوت و گاز ، پشتیوانیی حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و كڕینەوەی وزە لەو وێستگانەی كەرتی تایبەت لە بواری كارەبا و دابینكردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتی)، هەروەها قەرزەكانی پەیوەندیدار بەنەوت.

لە بڕگەی چوارەمدا، هەنگاوە دەستووری و دادوەریی و یاساییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر گوشاری ناڕەوا و نادەستووریی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لە لایەن سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو.

ئاماژە بەوە درا، بەداخەوە حكومەتی فیدڕاڵیی، بە نادەستوریی بڕیاری ڕاگرتنی خەرجكردنی بەشە بودجەی هەرێمی داوە، لە هەمانكاتدا گوشاری ناڕەواش دەكات تا ڕێگربێت لەو داهاتەی كە هەرێم خۆی دەستی دەكەوێ لە داهاتیی نەوتیی و ناوخۆیی خۆی، كە هیچ ئەركێكی دارایی لەسەر حكومەتی فیدڕاڵیی دروست نەكردووە.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، بە هیچ شێوەیەك، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان نابێت و بە هەموو ڕێگەیەكیش، داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و ملكەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەكی حكومەتی فیدراڵی نابێت كە دەیەوێت مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات .

لە هەمانكاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دەكاتەوە لەگەڵ بەغدا، لەناویشیاندا كێشەكانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە سەر بنەمای دەستوور، كە دەكرێ لە ڕێگەی دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پشتبەست بە دەستوور، كە ماف و ئەركەكانی هەرلایەنێك دیاری بكات، چارەسەر بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا