پرۆژەی 20 20 لە سلێمانی

پۆڵەتیك پرێس:

كارەكانی پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست لە چوارچێوەی پلانی حكومەتی هەرێم بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری بەردەوامە، ئابورناسانیش بە گرنگیەوە لەو پرۆژەیە دەڕوانن، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، لە رێگەی پرۆژەكەوە بە هەزار هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان فەراهەم دەكرێت.

زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لە ئێستادا كاركردن لە پرۆژەكە بەردەوامە، ئەو پرۆژەیە لە چوارچێوەی پلانی حكومەتی هەرێمە بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و كاریگەری لەسەر جموجوڵی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر دەكات و جگە‌ لە‌وە‌ش ژمارە‌یە‌كی زۆر هەلی كار دەڕەخسێنێت.

وتیشی: پرۆژەكە چەند شارێكی نیشتەجێبوون و چەند كارگەیەك و ناوچەی پیشەسازی و گەنجینەكان و عە‌لوە‌ی سلێمانی و چە‌ند خوێندنگە ‌و نە‌خۆشخانە‌یە‌كیش لەخۆدەگرێت و لەسەر ڕووبەری 22000 دۆنم دروست دەكرێت، ئامانجیشی ڕێكخستنەوەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی و رەخساندنی ژمارەیەكی زۆر هەلی كار و بەهێزكردنی بواری بازرگانی و لۆجستییە كە بە هاوبەشی لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت جێبەجێدەكرێت.

زیاتر لە حەوت ساڵە حكومەت پرۆسەی دامەزراندنی وەستاندووە و هەوڵدەدات لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە گەنجان و دەرچوان بخاتەسەركار، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە بە دەیان هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان خویندن تەواو دەكەن، بەڵام بەهۆی دانەمەزراندنەوە رێژەی بێكاری و هەژاری لە بەرزبونەوەدایە.

خالید حەیدەر ئابوریناس بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەر پرۆژەیەك كە رادەگەیەندرێت، كاریگەری خۆی هەیە پرۆژەیەكی وەك بیست بیست بۆ سلێمانی گرنگە، بەتایبەت لە رووی پیشەسازی و ئابورییەوە، ئەمە جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ دامەزراندنی دەرچوان و رەخساندنی هەلی كار بۆ ژماریەك گەنج.

وتیشی: لە رێگەی ئەو پرۆژانەوە دەتواندرێت كێشەی ئابوری كەمبكرێتەوە، ئاستی بژێوی ژیانی ژمارەیەك خێزان جێگیر بكرێت و بڕە داهاتێكیش بۆ حكومەت بگەڕێندرێتەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر خواست و خستنەڕووی بازاڕ و جوڵەی بازاڕ دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە زیادبوونی خواستیش ئاستی بەرهەمهێنان بەرزدەبێتەوە، هاوكات پرۆژەكە دەبێتە هۆكارێك بۆ رێگریكردن لە هاوردەكردنی بەرهەم و كەلوپەلی دەرەكی و ساغكردنەوەی بەرهەمەناوخۆییەكان و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا