هەوڵی دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەدرێت

هاكان سڤینەلیگ پەرلەمانتاری پارتی چەپی سوید و وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتەكە رایگەیاند، دوای داخستنی دۆسیەی كوشتنی ئۆلف پاڵمێ سەرۆكوەزیری سوید، بابەتی دەرهێنانی ناوی پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەكەنە بابەتی وتووێژ و رۆژەڤی سوید و یەكێتی ئەوروپا.

سڤینەلیگ لە بارەی داواكارییەكان دەڵێت: لە چوارچێوەی لێپرسینەوە لە كوشتنی پالمێدا، ئەو كەسانەی بە كوشتنی ناوبراو تاوانبار كران، چەندین جار دەستگیر كران، بەرپرسانی دەوڵەت بە دوای زانیاری هەڵەدا چوون و پەكەكەیان وەكو تاوانبار پیشان دەدا و ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەمە هەڵەیەكی زەقی سیستمی یاسا و پۆلیسی سوید بوو.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی چەپ لە سوید ئاماژەی بە ئەوەش كرد ئەمە داواكاریەكی راست و لە جێی خۆیەتی. چەندین خانەوادەی كورد رووبەڕووی فشاری دەوڵەتی سوید بوونەوە. لە لایەن پۆلیس و دامودەزگاكانی سویدەوە لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە كرا. هەڵیان كوتایە سەر ماڵەكانیان، مافی پەنابەریی هەندێكیان لێسەندرایەوە. ئەمانە هەموویان لەسەر بنەمای تاوانباركردنێكی بێبنەما ئەنجام دران. تاوانباركردنی پەكەكە لە سوید هێرشێك بوو بۆ سەر كورد.

سڤینەلیگ رایگەیاند، ئەوان لە گونجاوترین كاتدا، بابەتی دەرهێنانی ناوی پەكەكە لە لیستی تیرۆر، دەكەنە بابەتی گەرمی وتوێژەكان لە پەرلەمانی سوید، وتی: توركیا بوونی پەكەكە لە ناوی لیستی تیرۆردا، بۆ سیاسەتە ئیمپریالیستەكانی وەكو راسپاردراوێك دەبینێت. هاوكات بۆ ئەوەی فشار لەسەر دەرەوە دروست بكات، بەكاری دێنیت. دەبێت كۆتایی بەمە بهێنریت.

وتیشی: پێویستە بابەتی دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر بكەینە رۆژەڤ و بابەتی گەرمی رۆژ. ئێمە بێگومان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكەین. هاوكات ئەم بابەتە دەكەینە بابەتی وتوێژەكانی پەرلەمانی ئەوروپاش.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا