ئەنجومەنی وەزیران لەسەر موچە كۆدەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و بەپێی زانیارییەكانیش یەكێك لەتەوەرەكانی كۆبونەوەكە تایبەتە بە دیاریكردنی رۆژی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان.

بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی ئەیلول، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەشێوەی ڤیدیۆ كۆنفرانس ئەنجامبدات، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكەش تایبەت دەبێت بە گفتوگۆكردن لەبارەی شێواز و وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان، كە پێشتر بڕیاری لەسەردراوە بە لێبڕینی لە 21% دەست بەدابەشكردنی بكرێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەنجامی كۆبونەوەكانی شاندی دانوستانكاری نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت لەگەڵ پرسی بودجەی گشتی 2020، كە لە دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پەسەندكرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرا.

كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران لەكاتێكدایە دوای ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەولێرو بەغدا كراوە بۆ ناردنی 320 ملیار دیناری تایبەت بە موچەی فەرمانبەران، بەڵام تا ئێستا ئەو پارەیە نەنێردراوە و حكومەتی هەرێمیش بۆ دابەشكردنی موچە لە چاوەڕوانی ناردنی پارەكەی بەغدایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا