ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین زانیاری نەبیستراو لەسەر کوشتنی دوو مامۆستاکە ئاشکرا دەکات

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، “تاوانبار یاداشتێکی داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا، خوێندنی باڵاش ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدینی کردووە، سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدینیش ئاراستەی ڕاگری کۆلێژی یاسای کردووە، دواتر د. کاوان ئیسماعیل ڕاگری کۆلێژی یاسا بە یاداشتێک ڕەزامەندی نیشانداوە تا ئەو قوتابییە لە زانکۆی سەڵاحەدین بخوێنێت”.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. کامەران یونس محەمەد ئەمین سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەکرد، د. کاوان هیچ لارییەکی نەبووە لەوەی ئەو قوتابییە لە زانکۆی سەڵاحەدین بخوێنێت، بەڵام قوتابییەکە ماوەی دوو ساڵ دابرابوو دەبوو یاسایەک یان ڕێنماییەک دەربچێت تا بزانرێت چۆن ئەو دوو ساڵەی بۆ حساب بکرێت، ئەوەش لە دەسەڵاتی زانکۆ نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵادایە.

وتیشی، “لە 12/1/2022 وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو بابەتەی داوەتە لیژنەیەک. لە مانگی نیسانی 2022، بڕیاری داوە ئەو قوتابییە بۆی هەیە چ لە زانکۆی سۆران یان زانکۆی سەڵاحەدین بدەوام بکات”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمڕۆ 29ی 6 ئەنجومەنی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی کرد لەبارەی ڕووداوی کوشتنی دوو مامۆستاکە و تێیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئاڵای زانکۆ و ئاڵای گشت کۆلێژەکان دادەگیرێن و سەرجەم چالاکییەکانی زانکۆکە ڕادەگیرێن”.

جەختی لەوەشکردەوە، “داوا دەکەین وەکو زانکۆی سەڵاحەدین کەوا ئەو کەیسە دوانەخرێت، بەزووترین کات تاوانبار بێتە دادگا و سزای خۆی وەربگرێت، دووپاتی دەکەینەوە کە گیانی گشت مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان پارێزراو دەبێت و زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی زانکۆ دەبین”.

ڕۆژی سێشەممە قوتابییەکی زانکۆی سۆران دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدینی کوشت و کارمەندێکی پرسگەی کۆلێژی یاسای زانکۆکەشی بریندار کرد، دوای ماوەیەکی کەم تاوانبار لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەو ڕووداوە هەرگیز لەناو زانکۆدا ڕووینەداوە و ئەمە یەکەمجارە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو قوتابییە ویستویەتی لە زانکۆی سەلاحەدین بخوێنێت، بەڵام گواستنەوەکەی بۆ نەکراوە بەهۆی ئەوەی ڕێنماییەک نەبووە تا بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو ساڵە بکەن کە ئەو قوتابییە لە خوێندن دابڕاوە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا