پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وتەبێژێك بەناوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەرامبەر کێشەی فەڵەستین و ڕزگارکردنی لە کیانی داگیرکاری ئیسرائیل جێگیرە.
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەبارەی یاسای قەدەغەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دوای ئەوەی پەرلەمان پڕۆژەیاسای (بە تاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی جولەكە)ی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كرد، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق فەرمانیكردوە بە گرتنەبەری رێكارەكان و بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بەبێ ئەوەی هیچ تێبینییەكی لەسەر پڕۆژەیاساكە هەبێت، جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار پەیوەست بە دۆزی فەڵەستین، ناسراوە بەوەی خاوەنی هەڵوێستێكی نەگۆڕە.
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەشكردوە، لە ماوەی رابردودا سەرۆكایەتی كۆمار پڕۆژەیاسای (بە تاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ قەوارەی جولەكە)ـی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەدەستگەیشت، بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارەكانی دەركردن و پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە لەسەر بنەمای رێكارە یاسایی و دەستورییەكان، كە سەرۆكایەتی كۆمار لە هەر پڕۆژەیاساكەدا پەیڕەوی دەكات كاتێك لە پەرلەمانەوە بۆی رەوانە دەكرێت.
ئەوەش هاتوە، بۆیە د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار فەرمانیكرد بە مامەڵەكردن لەگەڵ پڕۆژەیاساكە لەسەر ئەو بنەمایەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە رەوانە كراوە بەبێ ئەوەی هیچ تێبینییەكی لەسەر پڕۆژەیاساكە هەبێت، بۆیە یاساكە لە 20ی حوزەیرانی 2022دا لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوكراوەتەوە و خراوەتەبواری جێبەجێكردنەوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، سەرۆك كۆمار جەخت دەكاتەوە لەسەر پشتیوانی دۆزی فەڵەستین و مافی گەلەكەی، ئەو هەڵوێستەشی لە ناوەندە نێودەوڵەتی و نیشتیمانییەكان و لەكۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان دوپاتكردوەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزهیرانی 2022، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، “شەرمە بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق واژووی لەسەر یاسای قەدەغەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل نەکردووە”.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێشتر پەرلەمانی عیراق بەکۆی دەنگ یاسای قەدەغەکردنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل دا پەسەند کرد.
بەگوێرەی یاساکە، سەرجەم شێوازەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و بانگەشە بۆکردن و هەواڵ بڵاوکردنەوە و دروستکردنی هەرجۆرە پەیوەندییەک قەدەغە دەکات لەبەردەم هەموو ئەوانەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە.