لەبارەی دەنگۆی هێرشكردنە سەر هێزی پێشمەرگە روونكردنەوە دەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دوای ئەوەی دوو مووشەك لە سنووری ناحیەی باشیك لە نزیك بارەگایەكی هێزەكانی فەوجی سێی لیوای 112 ی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگە كەوتنە خوارەوە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە ئەو مووشەكانە ئاراستەی هێزەكانی پێشمەرگە كراون، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی دەڵێت، ئەو مووشەكانە ئاراستەی سەربازگەیەكی توركیا كراون و هیچ پەیوەندییەكیان بە هێزی پێشمەرگەوە نەبووە.

غەیاس سورچی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: تا ئێستا چەندینجار سەربازگەی زێلكان كە گەورەترین سەربازگەی ئەمنی و سەرباز توركیایە لە سەر چیای باشیك كراوەتە ئامانج، هەموو جارێ‌ لە دەوروبەری ناحیەی باشیك مووشەكەكان ئاراستە دەكرێن، كە لە ژێر كۆنترۆڵی لیوای 30 ی سەر بەحەشدی شەعبییە، ئەگەرچی هێزی دیكەی عێراقی لێیە بەڵام بە گشتی پاراستنی ئاسایشی دەشتی نەینەوا لە ژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعیبیدایە.

غەیاس سورچی، وتی: حەشدی شەعبی تۆمەتبارناكەین بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، بەڵام هەركەس و لایەنێك بێت دەستخۆشی لێدەكەین چونكە ئەو سەربازگەیە بەبێ‌ ئەوەی رەزامەندی حكومەتی هەرێم یان عێراقی لەسەربێت دانراوە، 12 كم لە سەنتەری شاری موسڵ دوورە.

وتیشی: لە مێژووی راگەیاندنی خەباتی چەكداری پەكەكەوە لە ساڵی 1984 تا ئێستا نەهیچ گەریلایەك نەهیچ رێكخستنێكی پەكەكە بوونی نەبووە لەم ناوچەیە، لە كاتێكدا توركیا گەورەترین سەربازگەی خۆی لەم ناوچەیە جێگیركردووە.

باسی لەوەشكرد، ئەوەی ئەمڕۆش دوو مووشەك بوون ئاراستەی سەربازگەكەی توركیا كرابوون، بەڵام لەسەر چیای باشیك دوو لیوای هێزەكانی پێشمەرگەی لێیە، لیوای حەوتی سۆران، كە لیوایەكی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، وە لیوای 112 ی سەر بە هێزەكانی حەفتا، ئەم دوو مووشەكەی ئەمڕۆ لە نزیك فەوجی سێی لیوای 112 ی هێزەكانی حەفتا كەوتوونەتەوە هیچ زیانێكی ماددی و گیانی نەبووە ، هەر جارێكیش هێرشی مووشەكی ئەنجام درابێت هێزەكانی پێشمەرگە ئامانجی ئەو هێرشانە نەبوون بەڵكو سەربازگەكەی توركیا بە ئامانج گیراوە.

جەختیشی كردەوە، مووشەكەكانی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەكی بەهێزی پێشمەرگەوە نەبووە تەنها ئاراستەی مووشەكەكان ئامانجەكەی خۆی نەپێكاوە كەوتووەتە نزیك بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا