پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەراورد بە چەند رۆژێك لەمەوبەر، ژمارەی تووشبووانی سكچوون و رشانەوە كەمیكردووە.
دكتۆر سیروان محەممەد، سەرۆكی بەشی هەناوی لە نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر هێمن كە تایبەتە بە تووشبووانی سكچوون و رشانەوە لە شاری سلێمانی، رایگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی سكچوون و رشانەوە، رۆژانە نزیكەی 300 كەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەكەیان دەكرد، بەڵام ئێستا رۆژانە نزیكەی 50 بۆ 60 تووشبووی سكچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن.
لەبارەی هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی سكچوون و رشانەوە لە سلێمانی، سەرۆكی بەشی هەناوی لە نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر هێمن وتی، هۆشیاری خەڵكی وایكردووە تووشبوون كەمببێتەوە.
دكتۆر نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی، رایگەیاند: هەموو ئەو كەسانەی تووشی سكچوونی و رشانەوە بوون یەك جۆر چارەسەر وەردەگرن.
نوێنەرەكەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی وتی: ئەو نەخۆشییە چارەسەركردنی ئاسانە، بەڵام ئەگەر نەخۆشەكە چەند رۆژێك سكی بچێت، لەوانەیە زۆر وشكبێتەوە و ئەوەش كاریگەری لەسەر گورچیلەی هەبێت؛ بۆیە دەبێت نەخۆش دوای تووشبوونی لە نزیكترین كاتدا سەردانی پزیشك بكات.
بەپێی ئاماری تەندروستیی گشتیی سلێمانی، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی سكچوون و رشانەوەوە، نەخۆشخانەكانیان نزیكەی 10 هەزار كەسیان تۆماركردووە.