دارستانەكان دەبنە قوربانی نەبوونی نەوت

پۆلەتیك پرێس: محەمەد باڵەك

پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەنە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێش وەرزی سەرما نەوت دابەشبكات، بەپێچەوانەوە دارستانەكان لەناودەچن و دارەكانی لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ خۆگەرمكردنەوە دەبڕدرێنەوە.

بەهۆی ساردی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان، ساڵانە بەر لەهاتنی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە، هاووڵاتییان هەر زوو دەكەونە ئامادەباشی، بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێمی كوردستانیش بەشی هەرەزۆری ناوچەكان شاخاوی و ساردو بەفراوین، ئەمەش پێویستی بە بڕێكی زۆری سوتەمەنییە، هەر بۆیەش هاووڵاتییان داواكارن بەرلەهاتنی وەرزی زستان حكومەتی هەرێم دەستبكات بەدابەشكردنی سوتەمەنی.

بڕینەوەی دار بۆ خۆ گەرمكردنەوە

دیار شوكر هاووڵاتییەكی گوندنیشینە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەر لەكۆتایی هاتنی وەرزی هاوین خەمی پایزو زستانمانە، بۆ دابینكردنی سووتەمەنی، بۆیە لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە بەر لەهاتنی سەرماو سۆڵە، سوتەمەنی بۆ گوندنشینان ئامادەبكات، نەك لەناوەڕاستی مانگی پایزو زستان.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما هۆكارێكی تری هانابردنی هاووڵاتیانە بۆ بڕینی دارستانەكان، ئێستا كە سەرەتای مانگی ئەیلولە نرخی نەوت لە 100 هەزارەوە بۆ 110 هەزار دینار زیادیكردووە.

هەردی سابیر هاووڵاتی دەڵێت: رۆژانە نرخی نەوتی سپی لەبەرزوونەوەدایە، تا دێت نرخی نەوت گران دەبێت، ئەم بێ مووچەیی و قەیرانەش هەیە، هیچ كەس توانای كڕینی گاڵۆنێك سوتەمەنی نییە.

هەردی زیاتر وتی: جگە لەوەی كوردستان بە دۆخێكی سەختی دارایی دەڕوات و خەڵكی بەگشتی گیرفانیان خاڵییە، لە ئاكامی زوو دابەشنەكردنی سوتەمەنیدا، هەندێك لەبازرگانە چاوچنۆكەكان، ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە، بۆ گرانكردنی نرخی سوتەمەنی، بۆیە لەسەر حكومەت پێویستە، ئەگەر توانای دابیننەكردنی بڕی پێویستی سوتەمەنی نەبوو، لایەنی كەم هەوڵ بدات رێ لەگرانكردنی نرخەكەی بگرێت و هەركەسێ سەرپێچی كرد، رووبەڕووی سزای بكەنەوە.

دابەشكردنی نەوت كە لەسەرەتای وەرزی پایز دەستپێدەكات، هێندە بە خاوی دەڕوات، بەشێك لە هاووڵاتیان لە وەرزی بەهاردا نەوت وەردەگرن و بەشێكی دیكەیان بەتایبەت سەنتەری شارەكان و ناوچە گەرمەكان نەوتیان بەرناكەوێت، چونكە لە بەهاردا پرۆسەكە رادەوەستێت.

خەلیل یاسین، هاووڵاتییەكی ترەو پیشەی كرێكاری یە بەنیگەرانیەوە بۆ باسی لەوەكرد، هێشتا لەوەرزی گەرماین و پایز نەهاتووە، بەڵام ترسم لەهاتنی زستان و سەرمای سەختی ئەم وەرزەیە، چونكە هەموو ساڵێك دابەشكردنی سوتەمەنی دواكەوتوەو جاری هەبووە لە بەهاردا نەوتی زستانمان بۆ هاتووە.

ژینگە و دارستانەكان لە مەترسیدان

لە لایەكی تر چالاكوانانی بواری ژینگەش هۆشداری دەدەنە حكومەت پەلەبكات لەدابەشكردنی سوتەمەنی، چونكە گەر سوتەمەنی دەستنەكەوێت، خەڵكی ناچارن پەنا ببەنەر بڕینەوەی داری تەڕ، ئەمەش زیانێكی زۆر بەژینگەی هەرێم دەگەیەنێ.

 

هەژار ماهر بەرپرسی رێكخراوی وارو چالاكوانی بواری ژینگەیی لەم بارەیەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەهۆی درێژكێشانی ئەم قەیرانانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، گرانی نرخی نەوت و دابەشنەكردنی سوتەمەنی وەك پێویست لە دەڤەری سۆران و بارزان و باڵەكایەتی و برادوست لە ئەنجامی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، بەهۆی دواكەوتنی نەوتی ماڵان خەڵكێكی زۆری روو دەكەنە بڕینی دارودرەخت و لەباربردنی سروشتی كوردستان.

وتیشی: بانگەوازێكی 20 خاڵیمان ئاڕاستەی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكان كردووە، كە پێویستە هەرچی زووە حكومەتی هەرێمی كوردستان چ لە رێگای وەزارەتی سامانە سرۆشتییەكان چ لە رێگای كومپانیاكانی نەوتی كەرتی تایبەت بیر لە رێگا چارەی خێرا بكاتەوە بۆ دابینكردنی نەوت و بە نرخێكی هەرزان بفرۆشێتەوە بە هاوڵاتیان.

لایەنە پەیوەندیدارەكان ساڵانە دەستوەستانن لە ئاست دابینكردنی سوتەمەنی، چونكە دوو رێگا هەیە، یەكێكیان حكومەتی هەرێمە كە چەند ساڵێكە بە پاساوی قەیرانی دارایی رایگرتووە، ئەوەی دیكەش بەغدایە كە بڕی پێویست و لە كاتی خۆیدا نانێرێت.

چاوەڕوانی بەغدا

كرمانج عیززەت قایمقامی سۆران لەم بارەیەوە بۆپۆڵەتیك پرێس وتی: ماوەیەك پێش ئێستا كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ پارێزگای هەولێر ئەنجامدا بەئامادەبوونی هەرچوار قایمقامەكانی دەڤەری سۆران و رواندزو چۆمان و مێرگەسۆر كە هەوڵبدرێت بەزووترین كات سوتەمەنی دابەشبكەن، لیژنەیەك پێكهێنراوە، لەگەڵ حكومەتی ناوەند لەسەر هێڵن تا بتوانرێ بەم نزیكانە دەست بكرێت بەدابەشكردنی سوتەمەنی، بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد: دەستكراوە بە گرتنی هەموو ئەو رێگا قاچاغانەی دەچنەوە سەر ئەو شوێنانەی دارو درەختی لێیە بەهەموو جۆرێك بڕینی دار قەدەغەیەو ئەوەی بەم كارەش هەڵبستێ توشی لێپێچنەوەی یاسایی دەكرێتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەگەرچی خۆی خاوەنی نەوتی خاوە و نەوت هەناردە دەكات و سێ پاڵاوتگەی لە هەرێمدا هەن، بەڵام ناتوانێت نەوتی سپی بۆ ماڵان بەرهەمبهێنێـت و چاوی لە بەغدایە، بەغداش بڕی پێویست نانێرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا