پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دەستەی ئیدارەی کارەساتەکان لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە هەرێمی بەکتیکا و بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ڕوبەڕوی بومەلەرزەیەکی بەهێز بوونەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 250 کەسیش بریندارن.
لەوبارەیەوە محەمەد نەسیم حەقانی، سەرۆکی دەستەی ئیدارەی کارەساتەکان لە ئەفغانستان ئاماژەی بەوەکرد، “زۆربەی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە هەرێمی بەکتیکا تۆمارکراون، ئاگادارکراوینەتەوە کە لە هەرێمەکانی نەنکەرهار و خوستیش حاڵەتی گیان لەدەستدا هەیە”.
پێشتریش ڕاگەیاندنەکان بڵاویانکردەوە، بەهێزی بومەلەرزەکەی ئەفغانستان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان و هەندێک بەشی هەرێمی بنجاب و ناوچە سنوورییەکانی پاکستان لەگەڵ ئەفغانستان هەستی پێکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، بومەلەرزەکەی ئەفغانستان بەگوڕی 6.1 پلە لە دووری 44 کیلۆمەتر لە شاری خوست لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بەقوڵی 51 کیلۆمەتر ڕوویداوە.