ئەمریكا بەنیازە گورزی كوشندە لە گروپە چەكدارەكان بوەشێنێت

پۆڵەتیك پرێس

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی مەدای عێراقی ئەگەری هەیە واشنتۆن لەژێر ناوی بەرگریدا هێرشێكی بەهێز بكاتە سەر ئەو گروپە چەكدارانەی كە باڵیۆزخانە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەنە ئامانج.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەكە، ئەنجامدەرانی هێرشەكان گروپێكی مافیایی نەناسراون، كە بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشانە رادەگەیەنن و بەشێوەیەكی بەردەوام چالاكن و لەژێر ناوی نوێدا خۆیان رادەگەیەنن.

 

لە ناوەڕاستی ئابی رابردووەوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، ئەو گروپانە ٢١ هێرشیان بۆ سەر باڵوێزخانەو بەرەوەندییەكانی ئەمریكا ئەنجامداوە

ئاماژە بەوەشكراوە، سیاسییەكان پێیانوایە ئەو ناوانە روكاری نوێی گروپە چەكدارە ناسراوەكانن لە عێراق، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، بۆ دوورخستنەوەی مەترسی پێكدادانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن.

لە ناوەڕاستی ئابی رابردووەوە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، ئەو گروپانە ٢١ هێرشیان بۆ سەر باڵوێزخانەو بەرەوەندییەكانی ئەمریكا ئەنجامداوە، كە نۆ دانەیان لەرێگەی كاتیۆشاوە ئەنجامدراون و ناوچەكانی سەربازگەی تاجی لەبەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی بەغدایان كردوەتە ئامانج، هاوكات ١٢ هێرشیش لەرێگەی بۆمبی چێنراوەوە بۆ سەر كاروان و پشتیوانی لۆجسیتی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بووە.

ئەو گروپانە ناسراون بەگروپەكانی كاتیۆشای كە نزیكەی دوو مانگە كارەكانیان فراوانكردووە و لە نزیكەی سێ مانگدا زیاتر لە ٣٠ هێرشیان كردووەتە سەر كاروانی ئۆتۆمبێل و پێگە سەربازیی و دیبلۆماسییەكانی ئەمریكا.

زۆربەی هێرشەكان لەلایەن گروپەكانی وەك ئەسحابولكەهف وە بەرپرسیارێتی ئەنجامدانیان لە ئەستۆگیراوە كە زیانی گەورەی لێكەوتووەتەوە.

لە ماوەی رابردووشدا، چەندینجار ئەمریكا گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار كردووە.

سەرچاوەیەكیش بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، ئەو میلیشیایانە پڕوپاگەندە دەكەن و پێكدادانیان ناوێت لەگەڵ واشنتندا، بەڵام دەگەڕێن بۆ شەرعییەتدان بە مانەوەی خۆیان و چەكەكانیان لە عێراق.

راشیگەیاندووە، ئەمریكا دەستەوەستان ناوەستێت بەرانبەر سوكایەتیكردن بە هێزەكانی، رەنگە بەمنزیكانە هێرشێكی بەهێز بكاتە سەر ئەو گروپانە.

 

ئەمریكا گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار كردووە

رۆژی سێی كانونی دووەمی ئەمساڵ، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە ئاكامی بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لە بەغدا كوژران، لەوكاتەوە تائێستا بە چەندین شێوە كاتیۆشا ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغدا و فڕۆكەخانەی بەغدا كراوە.

هەر بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سولەیمانی چەند مانگێك لەمەوبەر شێوازێكی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا، لە رێگەی ناوی وەهمی بۆ میلیشیا شیعەكانی لەژێر ناوی بەرگری دژی هێزەكانی ئەمریكا داناوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا