مەسرور بارزانی: دۆخی خەڵك لە هەرێمی كوردستان خراپ نیە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند دۆخی خەڵك لە هەرێمی كوردستان خراپ نییە، بەڵام كەسانێك هەن دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبكەنەوە و، وتیشی هەر كەسێك داوای پشك لە وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان بكات با ئەو وەبەرهێنەر و كۆمپانیایانە بەڵگەكانیان بدەنە نووسینگەكەی من.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 20ی حوزەیرانی 2022 لە شاری هەولێر لە دیدارێكدا لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەرانی ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندنی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند ئەو هەندێك رەخنەی هەن لە دەزگاكانی راگەیاندن كە كەموكورتی بچووك گەورە دەكەن، كار و پڕۆژە گەورەكان پیشانی خەڵك نادەن و گیانی نیشتمانپەروەری بڵاوناكەنەوە، هەروەها وتی لەوانەیە ئێوەش رەخنەتان هەبن و هاتووم گوێ لە رەخنەكانتان بگرم بە تەواوی ئازادییەوە.

چەند رۆژنامەوانێك رەخنەی ئەوەیان گرت كە لەم كابینەیەدا ئازادی كاری راگەیاندن، ئازادی رادەربڕین كەمبووە، مافی مرۆڤ لە كوردستان پاشەكشەی كردووە، گرتنی رۆژنامەڤانان هەیە، زۆربوونی تووندووتیژی بەرامبەر ژنان زۆربووە، دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان زەقتربووە، جیاوازیكردن لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەیە، جیاوازیكردن لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن هەیە، رێگەنەدان بە پڕۆژەكان بەبێ داواكردنی هاوبەشی لەگەڵیان هەیە و چوونی سەرمایەداران بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان زۆربووە، هێرشەكانی توركیا و ئێران زۆربووە و پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتەكانی كوردستان و دەرەوبەر تێكچوون، قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكان دا زۆربووە، خزمەتگوزارییەكان كەم بوونە، گەندەڵی زۆرتربووە و كابینەكە سەركەوتوو نەبووە.

مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا وتی، دۆخی هەموو كەسێك رەنگدانەوەی لەسەر بۆچوونەكانی دەبێت، هەندێك كەس كە بەرژەوەندییەكانیان تێكچووە و دەسەڵاتیان هەیە دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبكەنەوە. ئازادی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان زۆر زیاترە لە وڵاتانی دەوروبەر، كەس لەسەر كاری رۆژنامەوانی و باوەڕ و كاری سیاسی نەگیراوە، لە هەموو دنیا میدیا لەلایەن كەسانێك یان لایەنێك پشتگیری دەكرێت، ئەوە ئاساییە، بەڵام دەبێت ئەو دەزگایانە سەرچاوەی داهاتیان دیاربێت كە دیارنییە لە كوێوە پشتگیری دەكرێن. باسی یاسای دیجیتاڵ میدیا كرا، پڕۆژەیاسای دیجیتاڵ میدیا ئامادەیە و من لەگەڵ ئەوەدام بچێتە پەرلەمان، بەڵام لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەت رازی نەبوون و وتیان ئەوە كەمكردنەوەی ئازادییە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: داهاتی دەروازە سنوورییەكان سێ بەرامبەر زیادیكردووە و، قاچاخچێتیش لە دەروازە سنوورییەكان دا زیادبووە و، بەڵام لە هەموو دەروازە سنوورییەكان وەك یەك نییە، داوامانكرد هێزێكی تایبەت بچێتە سنوورەكان، بەڵام تائێستا نەكراوە و ئەوكات وتیان شەڕ دروست دەبێت، من نامەوێت كێشەكان قوڵتر ببن، دەمەوێت چارەسەریان بكەین، ئێستا لە هەوڵداین بیكەین.

خەرجییەكانی بەڕێوەبردنی كاروباری حكومەت لە 200 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 70 ملیۆن دۆلار كەمكراوەتەوە، بەشی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نەوت لە رێژەی 25٪ەوە بۆ 41٪ زیادكراوە. هەروەها هەرزانترفرۆشتنی نەوتی كوردستانمان 3-4 دۆلار كەمكردووەتەوە.

سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، بەڵام حكومەتی عێراق ئامادە نییە. سەبارەت دۆسییەی نەوت و گاز گوتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەپێی دۆخی تازەی عێراق دروستنەكراوە، ئێمە داوامان كردووە كۆمپانیای سۆمۆ دروستبكرێتەوە و جێگری بەڕێوەبەر لە كوردستان بێت و مافی ڤیتۆی هەبێت.
سەبارەت دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقیش وتی، كوا دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراقدا هەیە؟، عێراق دادگای فیدڕاڵی نییە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو دیدارەدا لەبارەی دۆخی ژیانی خەڵكیشەوە رایگەیاند كە دۆخی ژیانی خەڵك خراپ نییە، ئەگەر دۆخی ژیانی خەڵك خراپ بێت بۆچی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆماركراوە لە هەرێمی كوردستان. خەڵكیش بەوشێوەیە رەشبین نییە، بەڵام هەندێك كەس دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبكەنەوە.

سەبارەت بە هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، وتی پەكەكە بیانووی توركیایە بۆ هێرشەكانی توركیا، با پەكەكە شوێنەكان چۆڵبكات و نەبێتە بیانوو بۆ هێرشەكانی توركیا. هەروەها وتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ دەوڵەتێك نابێ هیچ وڵاتێك هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا