ئێران مانگە دەستكردەكان دەوەستێنێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

سەرباری ئەو فشارانەی خراوەتەسەری و ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمریكاوە بەسەریدا سەپێنراوە، كەچی هێشتا ئێران دەیەوێت بەردەوامی بە هەناردەكردنی نەوتە عەمباركراوەكانی لەڕێی دەریاوە بدات.

بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێگا دەگرنەبەر لەوانەش، گۆڕینی ئاڵا و ناو و وەستاندنی ئامێرەكانی پشكنین، هەتا هەندێك لە كەشتیەكانیان بەرەو ڤەنزوێلا و وڵاتانی دیكە بنێرن.

لەو چوارچێوەیەدا، كۆمپانیای تانكەر تراكەرزی تایبەت بە بەدواداچوونی بارهەڵگرەكان رۆژی ١٤ی ئەیلول ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا بارهەڵگرێكی ئێرانی دەركەوتووە، بەپێی بڵاوكراوەكە، ئەو بارهەڵگرە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل گازی كۆكراوەی هەڵگرتووە كە لە بەندەری جۆزێی ڤەنزویلا دەستی بە بەتاڵكردنەوەیان كردووە.

 

رۆحانی: لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا داهاتی نەوتی وڵات لە ١٢٠ ملیار دۆلارەوە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار كەمیكردووە

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پێدەچێت ئەو بارهەڵگرە پێشتر سیگناڵی مانگە دەستكردەكانی بەدرێژایی رێگاكە راگرتبێت و هەموو ئەو نیشانانەی لابردبێت كە ناسنامەی وڵاتەكە ئاشكرا دەكات.

داهاتی نەوتی ئێران ١٠٠ ملیار دۆلار دابەزیووە

رۆژی ١٣ی ئەیلول، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەی بەوەكرد، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا داهاتی نەوتی وڵاتەكەی لە ١٢٠ ملیار دۆلارەوە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار كەمیكردووە، راشیگەیاند، ئێران رووبەرووی گەورەترین سزای ئابووری بووەتەوە كە نمونەی لە مێژووی جیهاندا كەمە.

رۆحانی باسی لەوەكرد، ساڵی ٢٠١١ داهاتی نەوتی ئێران ١٢٠ هەزار ملیار دۆلار بووە، بەڵام ساڵی ٢٠١٩ ئەو رێژەیە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار دابەزیووە، ئەو دابەزینەش قەبارەی ئەو ئاستەنگی و سەختیانە دەردەخات كە كۆمەڵگای ئێران دووچاری دەبێت.

رۆحانی جەختی لەوەشكردەوە، پێویستە گرنگی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆیی لە ئێران بدرێت، بەتایبەت لەمكاتەدا كە گوزەرانی ژیان بەبێ ئەوەی پەیوەندیت لەگەڵ دەوڵەتانی جیهاندا هەبێت كارێكی سەختە.

بۆچی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بووەتەجێی بایەخی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی؟

ئێران لە ساڵی ١٩٦٨دا پەیماننامەی بڵاونەكردنەوەی چەكی ئەتۆمی واژۆكرد، ئەوەش بەواتای ئەوەدێت، پابەندبووە بەوەی پەرە بەچەكی ئەتۆمی نەدات، كەچی سەرەڕای ئەوە، لە ساڵی ٢٠٠٢دا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بووە جێی نیگەرانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەوەش لەدوای ئاشكرابوونی دوو بنكەی نهێنی (نەتەنز و ئەراك) كە دوو بەرنامەی نیگەرانكەری ئێران بوون بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی.

كاردانەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چی بوو؟

لەدوای قۆناغی یەكەمی دانوستانەكان بە سەركردایەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئەمریكا لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٥، فشارەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئێران قۆناغ بە قۆناغ زیادیان كرد.

 

رۆحانی: رووبەرووی گەورەترین سزای ئابووری بوويتەوە كە نمونەی لە مێژووی جیهاندا كەمە

لە ساڵی ٢٠٠٦، ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی بۆ ئەنجومەنی ئەمنی سەر بە ئەمریكا بەرزكردەوە، كە دواتر لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە چەند بڕیارێك بەسەر ئێراندا سەپێنرا لەوانەش، پێویست بوو پابەندبێت بە هەڵپەساردنی چالاكییە هەستیارەكانیەوە ئەگەر نا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

لەلایەكی دیكەوە یەكێتی ئەوروپا سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاند و ئەو سزایانەش لە ساڵی ٢٠١٢دا توندوتۆڵ كرانەوە، بەشێك لەو سزایانە پەیوەندی بە كەرتی نەوت و ئابورییەوە هەبوو.

لە ساڵی ٢٠٠٦دا، هەریەكە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریكا، چین و روسیا چەند پێشنیارێكیان لەبواری بەرنامەی وزەی ئەتۆمی پێشكەشی ئێران كرد، كە ئەگەر پابەند نەبێت پێیانەوە ئەوا سزا دەدرێت.

رۆژی پێنجی ئابی ئەمساڵیش، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پڕۆژە بڕیارێك پێشكەشی ئەنجومەنی ئەمنی نێودەوڵەتی دەكات بۆ درێژكردنەوەی سزای چەكی ئەتۆمی لەسەر ئێران سەرباری ئەوەی روسیا و چین دژی ئەو پرۆژەیە بوون.

بڕیارە سزاكانی سەر ئێران لە ١٨ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆتایی پێبێت، چەندین جاریش ئەمریكا رایگەیاند كە ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بەو بڕیارانەی لەبارەی وزە و چەكی ئەتۆمییەوە دراوە ئەوا سزاكان لەسەری درێژدەكرێنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا