پۆڵەتیك پرێس: کەنار ئازاد
لەسلێمانی گردبوونەوەیەك بۆ دۆسیەی لاڤانی هەشت ساڵان رێكخراو ئاماژە بەوەكرا، ئەو دۆسیە پەڵەیەكی رەشە بەناو چاوانی دەسەڵات و سیستمی دادوەری و داواكاری گشتییەوە.
گروپی ویژدان گردبونەوەكەیان لەبەردەم دادگا سلێمانی رێكخست و لەیاداشتێكدا رایانگەیاند، دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بە هەموو پێودانگێك بووەتە دەسەڵاتی ستەم و دەستوەردانێكی حزبیانە و نائەخلاقیانە لە دۆسیە هەستیارو مافدارەكانی خەڵكدا هەیە.
ئەوەش دەخەنەڕوو، دۆسیەی لاڤانی هەشت ساڵان و باوكی پەڵەیەكی رەشن بەناو چاوانی ئەم دەسەڵاتەوە و سیستمی دادوەری و دادگا و داواكاری گشتییەوەو بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیان دەكەوێتە سەرشان.
گروپی ویژدان دەشڵێن، “پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان راشكاوانە هەڵوێستی خۆیان دەرهەق بەم كەیسە و دەیان كەیسی تر بخەنەڕوو”.
لە نیسانی ساڵی رابردوودا، باوكی لاڤانی هەشت ساڵان ئاشكرایكرد لەلایەن چەند كەسێكەوە دەستدرێژی كراوەتەسەر كچەكەیی و چەند بەرپرسێكی حزبیشی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان لەو دۆسیەیەدا هەیە.
لەسێ ی ئەم مانگەشدا، دادگای تێكەڵچوونەوەی هەولێر، بڕیاری ئازادكردنی ئەو پێنج كەسەی دەركرد، كە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ئەو كچە دەستگیركرابوون.