جوان ئیحسان: یەكێتی لەگەڵ سیستمی فرەبازنەیی نییە

پۆڵەتیك پرێس:
جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكی پۆڵەتیك پرێس باس لەهەوڵەكان بۆ پەسەندكردنی پاشكۆی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات‌و دەڵێت: وەك فراكسیۆنە كوردییەكان تێبینیان لەسەر چەند بڕگەیەكی پاشكۆكە هەیە.

جوان ئیحسان هەر لەم چاوپێكەوتنەدا باسی هەماهەنگی فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغدا بۆ رەتكردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات‌و دەشڵێت: یەكێتی نیشتمانی لەگەڵ سیستەمی فرەبازنەیی نییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەخت لەوەش دەكاتەوە، دەبێت لایەنە كوردییەكان هەماهەنگی زیاتر بكەن بۆ رەتكردنەوەی هەموارەكەو ئاماژە بەوەش دەكات، دتوانن دوای پەسەندكردنی یاساكەش لەدادگای فیدراڵی تانەی لێبدەن.

هەروەها جوان ئیحسان هەر لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێس باسی گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا بۆ گەیشتنە رێككەوتن ‌و چارەسەری كێشەكانیش دەكات‌و ئەوەش دەڵێت: هەردوولا خواستیان بۆ رێككەوتن هەیە.

پۆڵەتیك پرێس: پرسی هەمواری یاسایی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەكوێ گەیشتووە؟
جوان ئیحسان: وەك ئاشكرایە لەكۆتایی ساڵی رابردوو دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان كراو كۆی بڕگەكانی چووە دەنگدانەوە و دەنگیشی هێنا، لە كاتێكدا فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دەنگدانەكەمان كرد، دواتر بەیاننامەمان دەركرد ئەوەی مایەوە پاشكۆیەك بوو بۆ یاساكە، كە تایبەت بوو بەچۆنییەتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن، ئەوەش دەبێت بەرێككەوتنی سیاسی و سازانی سیاسی بێت لەنێوان فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەماندا، كە نوێنەرایەتی حیزبەكانیان دەكەن، لەناو خۆشیاندا پەرلەمانتارانی شارەكان دەبێت رێكبكەون لەسەری واتە بازنەكان دەبێت بە رێككەوتن دابەشبكرێت، چونكە یاساكە باس لەفرەبازنەیی هەڵبژاردن دەكات، پێویست بوو هەفتەی ڕابردوو سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەسەر ئەوە رێكبكەون چۆن بازنەكان دابەشبكرێت، بەڵام نە كۆبوونەوە كرا و نە خراوەتە دانیشتنەكانیشەوە بۆ یەكلایكردنەوە، گفتوگۆكان بەردەوامن چاوەڕواندەكرێت لەهەفتەی داهاتوو لەكاتی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان ئەو پرسە بێتەوە ناو پەرلەمان.

پۆڵەتیك پرێس: بۆچوونی فراكسیۆنە كوردییەكان لەسەر هەمواری یاسایی هەڵبژاردن چییە؟
جوان ئیحسان: تائێستا بەتەواوەتی نازانرێت، چونكە بۆچوونمان لەسەر یاساكە نەبوو، بەڵام بۆ دابەشكردنی بازنەكان ناكرێت بۆچوونمان نەبێت، تائێستاش نەگەیشتووینەتە رەشنووسێكی كۆتایی، كە چەند سەد هەزار دەنگ ببێتە بازنەی هەڵبژاردن، یان چەند بنكەیەكی تۆماركردنی دەنگدەران ببێت بەبازنەیەكی هەڵبژاردن، ئەوەی هەیە هەمووی گریمانەیە و ساغنەبوونەتەوە.

 

بۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بەهەمان شێوەیە بۆچوونی جیا جیا هەیە

 

بۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بەهەمان شێوەیە بۆچوونی جیا جیا هەیە، سەرجەم حیزبە سیاسییەكانیش خۆیان ئامادەكردووە بۆ هەموو ئەگەرێك، چونكە هەر قۆناغێك هەلومەرجی خۆی دەبێت.

پۆڵەتیك پرێس: هەماهەنگی فراكسیۆنە كوردییەكان هەیە بۆ هەمواری یاساكە؟ بۆچوونی فراكسیۆنی سەوز چییە؟
جوان ئیحسان: هەر لەسەرەتاوە ئێمە دژی ئەوەبووین هەڵبژاردنەكە فرە بازنەیی بێت، داوامانكرد بۆ هەرپارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن هەبێت، زۆربەی فراكسیۆنەكان لەبۆچوونەكانەوە لەیەكەوە نزیكین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆرو شێوازی سیستمی هەڵبژاردنەكە نوێیە، پێشتر لەعێراقدا تاقینەكراوەتەوە، بۆیە روئیاكە لەبەردەمی هەموواندا روئیایەكی روون نییە، تەنانەت لەبەردەم كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیشدا روئیایەكی روون نییە، گفتوگۆ و هەماهەنگی و بەردەوامە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا هەیە، بەڵام بەتەواوی روئیایەكی یەكلاكەرەوە نییە و هەر لەگفتوگۆداین.

پۆڵەتیك پرێس: كورد كێشەی لەگەڵ كام ماددەی هەموارەكە هەیە و كێشەكە چییە؟ فرەبازنەیی بۆچی كێشە دروست دەكات؟
جوان ئیحسان: لەچەند ماددەیەكدا ئێمە كێشەمان هەیە، بەتایبەت لەماددەكانی 15، 16، 38، كۆمەڵێك كێشە هەیە، ترسەكە لەسەر ناوچە دابڕێندراوەكان زۆر زۆرن، وەك كەركوك، موسڵ، دیالە، چونكە جۆری دابەشكردنی بازنەكان لەو شوێنانە كورد تێكەڵ بكرێت لەگەڵ بازنەیەك، كە عەرەب تێیدا زۆرینە بێت، یان پێكهاتەی تێیدا زۆرینە بێت غەدرێكی زۆر لەپێكهاتەی كورد دەكرێت، جگە لەوەی یاساكە لەڕووی هونەرییەوە كێشەی زۆری تێدایە، نازانرێت پشت بەكام داتا دەبەسترێت، لەلایەكی دیكەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ كیانە سیاسییەكان كێشەیەكی زۆر دروست دەكات.

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ كیانە سیاسییەكان كێشەیەكی زۆر دروست دەكات

 

پۆڵەتیك پرێس: دەتوانرێت تانە لە هەموارەكە بدرێت بۆ رەتكردنەوە؟
جوان ئیحسان: لە ئێستادا واژوو بۆ رەتكردنەوەی كۆكراوەتەوە و ئێمەش وەك فراكسیۆنی یەكێتی واژوومان كردووە، پێش ئەوەی یاساكە تێپەڕینرێت دەكرێت رەتبكرێتەوە، چونكە زیاتر لە 100 واژوو كركراوەتەوە، بۆ ئەوەی بڕگەكان بخرێتەوە دەنگدان لەناو پەرەماندا، بەڵام لەلایەكی دیكەوە بۆچوونێكی دیكە هەیە دەڵێت، یاساكە بەگشتی دەنگی لەسەر دراوە تەنیا پاشكۆكەی ماوە پێویستە بەرێكاری تەشریعی خۆیدا بڕوات و بڵاوبكرێتەوە لە رۆژنامەی وەقاعیع و دوای ئەوەی سەرۆك كۆمار واژووی لەسەردەكات ئەوكات دەتوانرێت لەبەردەم دادگای فیدراڵی تانەی لێبدرێت، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەئێستادا ئەوەیە دادگا خۆشی كێشەی تەواونەبوونی نیسابی هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە تانەگرتن كاتی دەوێت لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی تەواو دەدەین وەك فراكسیۆنی سەوز خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەدەكەین، لەئەگەری دروستبوونی هەر كێشەیەك بۆ یاساكە پلانێكی ئامادەكراومان دەبێت.

 

وەك فراكسیۆنی سەوز خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادەدەكەین

 

پۆڵەتیك پرێس: لەئەگەری پشتگوێخستنی دواكاری‌و پێشنیازەكانتان هەڵوێستان چی دەبێت؟
جوان ئیحسان: ئەوكاتە حیزبە سیاسییەكەمان بڕیاردەدات هەڵوێستمان چی دەبێت، چونكە وەك فراكسیۆن كارمان بەدواداچوون و چاودێریكردنە، بڕیارە سیاسییەكەش حیزب دەیدات، هەر بڕیارێكیش حیزب بیدات ئێمە وەك فراكسیۆن پێوەی پابەند دەبن.

پۆڵەتیك پرێس: دوای سەردانیكردنی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو سەردانی كازمی بۆ هەرێم گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەكوێ گەیشتوون؟
جوان ئیحسان: دوای سەردانی شاندی هەرێم، كە هەفتەی رابردوو لەبەغدا بوون، بەرەوپێشچوونی زۆر هەیە لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هۆكاری خاوی پرۆسەكەو نەگەیشتنە لێكتێگەیشتنی تەواوەتی ئەوەیە عێراق خۆشی بەكێشەیەكی ئابووری و سیاسی سەختدا تێدەپەڕێت، تەنانەت موچەی فەرمانبەرانی سەر بەحكومەتی عێراقیش دواكەوتنی زۆری بەخۆوە بینیوە لەم چەند مانگەدا، لەگەڵ ئەوەشدا لەهەردوو لاوە نیەتێكی تەواو هەیە و هەوڵێكی تەواو دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە كاتییەی هەیە تا ساڵی ئایندەو ئیقراربوونی بودجەی ساڵی 2021 بەردەوامی پێبدرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت لەنێوان هەردوولا رێككەوتنی باش بكرێت.

پۆڵەتیك پرێس: تاچەند گەشبینن بەرێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا؟
جوان ئیحسان: لەبنەڕەتدا ئەساسیەتەكانی رێكەوتنەكە هەیە، ئەگەر كێشەی بۆ دروست نەبێت و رێككەوتنە سیاسییەكە دروستبێت گەشبینم بەرێككەوتنەكە.

پۆڵەتیك پرێس: ئەم هەفتە ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژە بودجەی 2020ی پەسەند كردو رەوانەی پەرلەمان كرا تاچەند گرنگە ئەو پرۆژە بودجەیە لەكاتێكدا ئەمساڵ چەند مانگێكی كەمی ماوە؟
جوان ئیحسان: ئەو پرۆژە بودجەیە لە هەفتەی داهاتوو دەگاتە پەرلەمان و بەردەستی پەرلەمانتاران و لیژنەی دارایی، ئیقرار كردنی پرۆژە بودجەكە گرنگییەكی زۆر گەورەی هەیە، چونكە ئەو پرۆژەیە بنەمایەكە بۆ ئیقراركردنی بودجەی 2021، پابەندبوونی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدایە بەرانبەر یەكتری، بنەمایەكی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی بودجەی ساڵی داهاتوو.

 

پابەندبوونی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا بەرانبەر یەكتری، بنەمایەكی گرنگە بۆ داڕشتنەوەی بودجەی ساڵی داهاتوو

 

پۆڵەتیك پرێس: پشكی هەرێم لە بودجەی 2020 وەك خۆی ماوەتەوە یاخود گۆڕانكاری تێدا كراوە؟
جوان ئیحسان: پشكەكە شتێك نییە بە ژمارە بێت، چونكە ئەبوابی زۆرە لەناو بودجە، دەبێت لە پەرلەمان پرۆژەكە پەسەند بكرێت‌و دواتر زانیاری زیاتر لەو بارەوە بخەینەڕوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا