پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بە بڕیاری وەزاری لەپێناو دابەزاندنی نرخی بەنزینی هاوردە بڕیاردراوە بە هەڵگرتنی تەواوی باج و ڕسوماتی گومرگی تایبەت بە بەرهەمی بەنزینی هاوردە بە ڕەچاوکردنی کواڵتی”.
ئەمڕۆ هەینی بە نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات جەناب نوری وەزیری ئابووری و دارایی لەسەرە ئاماژە بەوەکراوە، “لەپێناو بەرژەوندی گشتی بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزینی هاوردە، وە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە هەڵگرتنی تەواوی باج و ڕسوماتی گومرگی تایبەت بە بەرهەمی بەنزینی هاوردە بە ڕەچاوکردنی کواڵتی”.
ئەوەش هاتووە، “بڕیارراوە بە کەمکردنەوەی ڕسوماتی کارگێڕی هەناردەکردن و هاوردەکردنی سامانە سروشتییەکان تەنها بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بۆ (7$) حەوت دۆلار بۆ هەر تەنێک”.
بە گوێرەی بڕیارەکان، “بڕیارە دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستی هاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و ڕێگریبکرێت لە قۆرغکاری، بەمەرجێک ڕەچاوی کواڵتی بکرێت”.
لە نوسراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی 17ی 6ی 2022ەوە جێبەجێ دەکرێت تاکو ڕێکەوتی 31ی 12ی 2022”.