پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە ئەمڕۆ رێككەوتنی ئاشتی لە كۆشكی سپی و بە چاودێری سەرۆكی ئەمریكا لەنێوان ئیمارات و ئیسرائیل لەلایەك و بەحرەین و ئیسرائیل لەلایەكی دیكە واژۆ بكرێت.
میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردەوە، دۆناڵد ترەمپ بە ئامادەیی گەورە بەرپرسانی ئەمریكا و شاندەكانی ئیمارات و بەحرەین و ئیسرائیل ئاهەنگی واژۆكردنی رێككەوتنی ئاشتی دەگێڕێت.
هاوكات، وا بڕیارە هەر یەكە لە شێخ عەبدوڵا بن زاید و عەبدول لەتیف زەیانی وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ بنیامین نەتنیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رێككەوتنەكە واژۆ بكەن.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە هێشتا ناوەڕۆكەكەی بەتەواوەتی ئاشكرا نەكراوە، بڕیارە ئیمارات و بەحرەین پەیوەندی دیبلۆماسی، بازرگانی و ئابوری لەگەڵ ئیسرائیلدا بكەن.
ساڵی ١٩٧٩ میسڕ و ئیسرائیل رێككەوتنی دیبلۆماسیان واژۆ كرد، دواتریش لە ساڵی ١٩٩٤ ئوردن لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتنی دیبلۆماسی لەسەر بنەمای ئاشتی بەرامبەر ئاشتی ئەنجامدا، بەمەش ئیمارات و بەحرەین دەبنە سێیەم و چوارەم دەوڵەتی عەرەبی كە رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆ دەكەن.