لایەنەکانی عێراق لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکرد، “بەمزوانە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانانی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی جێگرەوەکانی ئەندامانی کوتلەی سەدر کە لە ئەندامێتی پەرلەمان کشانەوە”.

ئەو سەرچاوەیە بە میدیای عێراقی ڕاگەیاند، “لەدوای بڕیارەکەی کوتلەی سەدرەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوپەیمانی عەزم و بەشێک لە سەربەخۆکان لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ محەمەد حەلبوسی کۆدەبنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی داهاتوو چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانانی هەنگاودەنێن بەرەو ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی هاوپەیمانی سیادە و پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە ببێتەهۆی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە بەدیهێنەری خواستەکانی گەل بێت.

وتیشی، “چوارچێوەی هەماهەنگی هەندێک کاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ و لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا ناوەکانیان ئاشکرا دەکات، بەڵام ئەگەر هەمووان ڕێککەوتن لەسەر مانەوەی مستەفا کازمی وەک سەرۆکی حکومەتی عێراق، ئەوا کازمی بۆ ویلایەتی دووەم لە پۆستەکەیدا بەردەوام دەبێت”.

باسی لەوەشکرد، سەرباری کشانەوەی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ گفتوگۆ دەکات تا بەبێ ئاگاداری ئەو کەسێک دانەنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان گۆڕانکاری لە سەرجەم کورسییەکانی هێزە سیاسییەکاندا ڕوودەدات، دوای ناونانی ئەندامانی جێگرەوەی کوتلەی سەدر، لەو حاڵەتەشدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا 40 بۆ 41 ئەندامی دەبێت، هاوپەیمانی فەتح 44 ئەندامی دەبێت، هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت 15 ئەندامیان دەبێت و بزوتنەوەی ئیمتیداد 17 ئەندامی دەبێت، بەمجۆرە 73 کورسییەکەی سەدر لە پەرلەمان دابەش دەکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا