پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختمان لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان، خاوەن دۆز و مافی نەتەوەیی و دەستووریین و کێشەکان لەگەڵ بەغدا، تەنیا بودجە و نەوت و گاز نیین، بەڵکو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستووریین و دەبێ بە پێی دەستوور، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت”.
هاوکات لەو کۆبوونەوەیەدا کە رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا.
لایخۆیەوە باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق، دووپات کردەوە.
باسی لەوەشکرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگن لە سیاسەتی ئەمەریکا و جەختیشی لە گرنگیی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردەوە کە لە ئاستی داخوازیییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی بکات و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.