بۆچی موقتەدا سەدر لەبری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پەنای بۆ كشانەوە برد؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، موقتەدا سەدر بۆیە پەنای بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبرد بۆئەوەی ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی عێراقی نەكەوێتە ئەستۆ، باس لەوەش دەكات دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی زەمینەی پێكهێنانی حكومەتی سازانی نیشتمانی زیاترە.

كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دەست لە كاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی رەوتی سەدر، پێویستی بە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان نیە چونكە ئەوان بە ویستی خۆیان وازیان هێناوە ئەمە ئەوەنیە گومان لەسەر ئەندامیەتی ئەندامێك هەبێت بخرێتەوە دەنگدانەوە، یان كێشەیەك لە ئەندامیەتی پەرلەمانتارێك هەبێت پێویست بێت پەرلەمان یەكلایی بكاتەوە ئەندامیەتەكەی تەواوە یان نا، لەبەرئەوە مادەم بە ویستی خۆیان بووە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمانی ناوێت و سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت دەست لەكاركێشانەوەكەیان پەسەندبكات وەكو ئەوەی كە كردی، جێگرەوەكانیان دەبێت بێنە پەرلەمان بەپێی ئەو ریزبەندییەی كۆمسیۆن دەینێرێت، دێنە پەرلەمان و دوای ئەوەی سوێند دەخۆن دەبن بە ئەندامی نوێی پەرلەمان.

كاروان یاروەیس وتی: ئەگەر 108 ئەندامی پەرلەمان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكەن، پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئەگەرێكی دوورە.

باسی لەوەكرد، موقتەدا سەدر لە وتارەكەیدا دوو داواكاری هەبوو لە پەرلەمانتارەكانی یان ئۆپۆزیسیۆن بوون یان دەست لە كاركێشانەوە، پێدەچێت هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بژاردەی ئۆپۆزیسیۆن بوون نەبوون، بۆیە پەنای بردە بەر بژاردەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق.

روونیشیكردەوە، رەنگە موقتەدا سەدر، نەیەوێت بەرپرسیارێتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بگرێتە ئەستۆ، بۆیە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نەدا.

هێمای بەوەكرد، قۆناغی دوای سەدر لە عێراق قۆناغێكی سەختە چونكە سەدر ژمارەیەكی گەورەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، بەڵام دوای كشانەوەی سەدر هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ خێرادەبێت، هاوپەیمانیی نوێ دێتە ئاراوە، رەنگە زەمینەی پێكهێنانی حكومەتی سازانی نیشتمانی زیاتربێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا