دادگای سلێمانی لەبارەی رووداوەكەی ئەمڕۆی ناو دادگا هاتە دەنگ

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی رایگەیاند، جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە.

لە روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی هاتووە، بۆ هەموولایەكی روون دەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و دۆسیەكەیان رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوە، وە جێبەجێی كردنی سزاكە پەیوەندی بە دادگاوە نییە و لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.

باسلەوەشكراوە، ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئوتومبیلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازە اموال مسروقە) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، هەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگاكانی سلێمانی بەڕێوەچووە و كەسوكاری تاوانلێكراوان بەوپەڕی رێز و شكۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیوە و پرۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی رێكوپێك بەڕێوەچووە. بەپێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە.

لە روونكردنەوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەك هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو كەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە كە بەڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە و حەڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە.

سەبارەت بە دەستگیردنیشیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی 230ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی.

هێما بەوەشكراوە، ئەو حاڵەتی لێدانەش كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە رەفتارێكی كەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسەندی ناكات بە نەخوازراوی دەزانێت و ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتە بەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێنرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگادا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتیان و شكۆی دادگایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا