مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری ئاوەدان کردنەوە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دەبێ زۆر گرنگی بە ڕێگاوبانەکان و دروستکردنی ڕێگەی دووساید لە نێوان پارێزگاکان و شارەکانی هەرێم بدرێت و بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و بە پێی مەرج و ستانداردی نێودەوڵەتی بێت،  بەجۆرێک بەرگەی زۆری ژمارەی ئوتومبێلەکانی کوردستان و کەشو هەوا بگرێت ، وتیشی پێویستە کار لە سەر بووژاندنەوەی زیاتری گوند و دێهاتەکانی کوردستان بکرێت و بژێوی گوندنشینانیش باشتر بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر، پڕۆژە بەردەوامەکان ،لەگەڵ ئاماژەدان بەتەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی رێگا دوسایدییەکانی نێوان شارەکان.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت وتی “سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی قەیرانی دارایی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەپێی پلان و   بودجەی بەردەست و بەهۆی کارنامە چاکسازییەکەی ، توانی بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و ڕێگەوبانەکان . هەروەها کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیش کراوە وەک پڕۆژەی بنیاتنانی هێلی ئاسنین کە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی شارو ناوچەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هاوکاری کەرتی تایبەت بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالیتیەکی باش دروست بکرێن. لەهەمانکاتدا، کار لە سەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەش بکرێت کە چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون.

جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە زۆر گرنگی و بایەخ بە گوند و دێهاتەکانی کوردستان بدرێت و ڕێگەوبانەکانیان نۆژەن بکرێنەوە و بژێوی گوندنشینان باشتر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ حکومەت بە هاوکاری کەرتی تایبەت، پشتگیریی لە دروستکردنی پڕۆژەی بچووک لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و پیشە دەستکردەکان لە گوندەکان بکات بۆ ئەوەی گوندنشینانی کوردستان لێی سوودمەند ببەن و ئابووری کوردستانیش زیاتر گەشە بکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا