كۆمسیۆن چەند مەرجێكی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد

پۆڵەتیك پرێس

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق چەند مەرجێكی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە داناوە، یەكێك لەمەرجەكانیش پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنەكانە.

كۆمسیۆنەكە لەبارەی پاڵپشتییەكانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات بە جێبەجێكردنی پێنج مەرج دەتوانن هەڵبژاردنەكە بەڕێوە ببەن.

لە مەرجەكانی كۆمسیۆندا هاتووە، هەرچی زووە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات و پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی تەواو بكات.

هەروەها داوا دەكات، حكومەت بودجەو پێداویستییەكانی هەڵبژاردن دابینبكات و ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر دامەزراندنی بەڕێوەبەرانی گشتی.

داوایەكی دیكەی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوەیە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكاری پێشكەش بكەن بۆ هەڵبژاردن، هاوكات چاودێری پێویست بكەن بۆئەوەی هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفاف ئەنجام بدرێت.

ئەو مەرجانەی كۆمسیۆن دوای ئەوە دێت لەماوەی رابردودا مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا