خواو دۆلار !

رەنگە خوێنەر بپرسێ دۆلار چ پێوەندییەكی بەخواوە هەیە؟

ئەوە من نیم باس لەو پێوەندییە دەكەم، ئەوە ئەردۆغانی سەرلێشێواوە، كاتێ لیرەی توركی، بەرانبەر بە دۆلار، رووەو نزمترین ئاست غلۆربوەوە گوتی : ئەگەر ئەوان دۆلاریان هەیە، ئێمەش خوامان هەیە!

داود ئۆغلو، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئاكپارتی و بەهۆی تاكڕەوییەكانی ئەردۆغان وازیلێهێناو حزبێكیدیكەی بەناوی (دواڕۆژ)ەوە دروست كردووە، لەكۆنگرەی حزبەكەیدا رووی لە ئەندامەكانی كرد و گوتی: ( وەك دەزانن، سەرۆك كۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەوكاتەدا كە نرخی گۆڕینەوەی دۆلار، لەبەر سیاسەتە هەڵەكانی دابەزی، گوتی ئەگەر ئەوان دۆلاریان هەبێ، ئێمەش خوامان هەیە! لێرەدا با بڵێم زێدەڕۆیی لە حەماسەتدا لە هەر بوارێكدابێ مەترسیدارە، بەڵام لەبواری دینیدا مەترسیدارترە. ئێستا دیسان دۆلار بەرزبۆتەوە، ئایا ئەمە، خوانەخواستە، مانای وایە دۆلار بەسەر خوادا سەركەوت!

دەبێ چیتر چەمكەكانی دین و سیمبۆلە پیرۆزەكان بەكارنەهێنرێن بۆ داپۆشینی هەڵەكانی ئەردۆغان لەبواری سیاسیدا)!

جگە لە خۆی و هەوادارانی، هەمووان لەوبڕوایەدان ئەردۆغان دین لەپێناوی فراوانخوازییەكانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاردێنێ!

توركیا لەسایەی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان بووە بە كوانووی قەیران!

ئابوورییەكەی رۆژ بەڕۆژ پتر روو لە داتەپینە!

پێوەندییە دەرەكییەكانی پڕ لە كێشەن!
سوپای وڵاتەكەی بردۆتە نێو چەندین وڵاتیترەوە وەك كوردستانی عێراق و لیبیا و قەتەر و ئازەربێجان و.. بەمافی خۆشی دەزانێ، گوایە ئەو وڵاتانە پێشتر بەشێكبوون لە خیلافەتی عوسمانی! لەنێو هەموو ئەو وڵاتانەشدا سوپاكەی تووشی كێشەبووەو وا ناچارە لە كوردستانی عێراق بكشێتەوە ئەگینا عێراق پرسەكە دەباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی!

توركیا لەناوخۆیدا تەنگژەی هەیە و زیندانەكانی پڕن لە زیندانییانی سیاسی و رۆژنامەنووسانی ناڕازی!

پارتی داد و گەشەپێدان كە ئەردۆغان سەركردایەتیی دەكا تا ئێستا چەندین كەسایەتیی لێجیابۆتەوەو رۆژ بەڕۆژ ناڕازییەكان پتریش دەبن!

ئەردۆغان تا ئێستا حزبەكەی هەم بەحزبێكی سیاسی و هەم بە حزبێكی دینی دەزانێ و بەردەوامە لەسەر بەكارهێنانی دین لەپێناوی چاوچنۆكییەكانیدا!

ئەوەی ئەردۆغان دەیكا نەك هەر قورسە بۆی بچێتە سەر، بگرە مەحاڵیشە!

ئێمە لەهەرێمی كوردستاندا راستەوخۆ گرفتاری سیاسەتە هەڵەكانی ئەردۆغانین. لەسایەی ئەو چاوچنۆكیەیە كە ئەردۆغان بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان هەیەتی ئێمە خەریكە بەهۆی نەوتەوە ئایەو مایەی هەرێمی كوردستانمان لەكیس بچێ!

مۆركردنی گرێبەستێكی ٥٠ ساڵەی نەوت لەنێوان دەستەیەكی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان و بەناوی هەرێمی كوردستانەوە، بەبێ ئەوەی جگە لە یەك دوو كەس كەسیتر ئاگای لە ناوەرۆكی گرێبەستەكەبێت چارەنووسی ئابووریی هەرێمی كوردستانی خستۆتە سەر لەپی توركیا و هەم نەوتەكەمان بەتاڵان بۆ خۆی دەبا، هەم دەستەیەكی دیاریكراوی پێ زیاد لە پێویست دەوڵەمەند بووەو كۆمەڵانی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش رۆژبەڕۆژ برسیتر دەبن!

چ شەرمەزارییەكی گەورەیە هەرێمەكەت لەسەر دەریاچەی نەوت بێ و نەتوانێ، بەو هاوكارییەی كە بەغداش دەینێرێ، مانگانە موچەی فەرمانبەرەكانی بدا!

توركیا بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی ئەردۆغانەوە چارەنووسێكی خراپتر لەوەی ئێستا چاوەڕوانی دەكا، هەڵبەت پڕیشكی ئەو چارەنووسە خراپەی توركیا بەر ئێمەش دەكەوێ، مادام بەخواهیشتی دەستەیەكی دیاریكراوی دەستڕۆیشتووی هەرێم ئێمەش لەپەنا كورەكەی توركیاوەین!

حەسەن یاسین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا