پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
خالید بەتال نەجم وەزیری پلاندانان كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی راگەیاندو بڕیاریش درا لەچارەكی كۆتایی ساڵی داهاتوو 2023 بەشێوازی ئەلیكترۆنی و بە بەكارهێنانی پێوەرەكانی ئامار كەپشتپێبەستراوە لەجیهاندا ئەنجام بدرێت.
وەزارەتی پلاندانان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتی لەمیانی كۆبوونەوەیەكی دەستەی باڵای سەرژمێری تاوتوێكراوە بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندان و بەئامادەبوونی پەرلەمانتار محەمەد بەلداوی وەك نوێنەری ئەنجومەنی نوێنەران و سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئامار لە هەرێمی كوردستان و د.مەهدی عەلاق نوێنەری سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان و نوێنەری ژمارەیەك لەوەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، هەروەها بەئامادەبوونی د.زیا عەواد سەرۆكی پرۆسەكان و سەمیر خزەیر هادی بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێكاری سەرژمێری.
بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، وەزیری پلاندانان راشیگەیاندووە كە بڕیاری دیاریكردنی كاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێری بەهۆی ئەو گرنگییە گەورەیەوەیە كە ئەم پرۆژە نیشتمانیەیە هەیەتی بەتایبەتیش كە نیو سەدەیە عیراق سەرژمێری گشتی دانیشتوانی بەخۆوە نەبینیوە.
ئاشكراشیكردووە كە ئەنجامەكانی ئەم سەرژمێرییە رۆڵی دیاری دەبێت لەچارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكان و سەرەكیتریشیان دابەشكردنی سامانی وڵاتە لەنێو پارێزگاكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.