پۆڵەتیك پرێس:
بڕیارە سبەی سێ شەممە پێش نیوەڕۆ لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەكی جەماوەری بۆ بەرگری لە كەیسی لاڤە لە بەردەم دادگای سلێمانی سازبكرێت.
دڵشاد میرانی وتەبێژی گروپی ویژدان كە رێكخەری گردبوونەوەكەن، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵ خەڵكی شاری هەولێر لەلایەن چاند چەكدارێكەوە دەستدرێژی سێكسی كرایەسەر و دادگا لەبری ئەوەی بكەرانی ئەم كارە قێزەونە بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت، ئازادی كردن.
میرانی وتیشی: لاڤەو خێزانەكەی لەژێر هەڕەشەدان و باوكی لاڤە شارەكەشی جێهێشتووە و هاتونەتە سلێمانی، بەڵام لەهەمان كاتدا لەترس و دڵەڕاوكێدا دەژین.
ناوبراو داواش لە هاووڵاتیان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات لەسەر ئەم كەیسە بێدەنگ نەبن، چونكە حزب لەسەرو یاسا و دەوڵەت و حكومەتەوەیە، بۆیە داوا دەكات حزب چارەسەری ئەم كارو كردەوانە بكات.
وتیشی: بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت لە هەولێر هیچ چالاكییەك و ڕایەك هەبێت بۆ ناڕەزایەتی دەڕبڕین لە كەیسێكدا، چەند ڕێخراوێكی نێودەوڵەتیش هاتونەتە سەر خەت بۆ ئەوەی كە بەدواداچونی وردتر بۆ ئەم كەیسە بكەن.
بە وتەی باوكی لاڤە، هەڕەشەی كوشتنی لە ڕێگەی ژمارەی نەناسراوەوە لێ كراوە، پێی وتراوە بێدەنگ نەبێت بەرامبەر ئەم كەیسە و لە ئەگەری هەر ڕوونكردنەوەیەكی باوكی لاڤە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕێكخراو و گروپ و تاقمێك ژیانی دەچێتە مەترسییەوە.