پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گفتوگۆ دەربارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا و تاوتوێی چەند پرسێك كرا و چەند بڕیارێك دەركران.
رۆژی یەكشەممە 5 ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد بە بۆنەی ( 47 )مین ساڵیادی دامەزراندنی و ئەنجامدانی دیداری یەكێتی و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە پێناو خزمەتكردنی گەلی كوردستان .
پاشان كورتەیەكی دەربارەی بەشداری شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس خستەڕوو كە لە ڕۆژانی 22 تا 26_5_2022 بەڕێوەچوو.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، خالید هادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، كۆنووسی كۆتایی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرالی خستەڕوو كە لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامیان داوە و لە كۆنووسە هاوبەشەكەدا، ئاماژە دراوە بەوەی كە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەكە ئیدارییەكانی خەرجیی بۆ تەواوی ساڵی 2021 بە شێوەیەكی شەفافانە پێشكەش بە لیژنە هاوبەشەكە كردووە كە بە ژمارە و زانیاری، داهات وخەرجییە گشتیەكانی هەرێمی تێدا خراوەتەڕوو، بە داهات و خەرجیی نەوتیی و نانەوتیشەوە، سەرەڕای خستنەڕووی میلاكی وەزیفی مەدەنی و سەربازیی لەسەر تاسەری هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، لە هەمانكاتدا وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە لە چوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە و بە پشتبەستن بە ماف وشایستە داراییەكانی جێگیركراو بە پێی دەستوور، بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی شایستەكانی هەرێم بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان بكرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەرلەمانی كوردستانیش ڕۆڵی خۆی لەم بوارە بگێڕێت.
لە كۆبونەوەكەدا ئەوەش خرایەڕوو، كە مانگانە حكومەتی فیدڕاڵیی، بە پێی یاسای بودجەی فیدڕاڵ ، پابەندییە داراییەكانی هەرێمی داشكاندووە لە شایستەكەی و لەبەرامبەردا، پێویستە حكومەتی فیدڕاڵی بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم.
بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە، خستنەڕووی ڕاپۆرتێك بوو لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی كەرتی گشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان و دیدگا و ستراتیجی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بواری پەرەپێدان و پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار.
ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ ڕاپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕاسپاردە و پێشنیار و ستراتیجی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار پەسەند كرد.
لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەكە، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان ) ژمارە ( 8 ) لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایەڕوو و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە كۆی دەنگ پەسەند كرا.