ژمارەیەك رۆژنامەنووس و ئەكادیمی لەسەر مەترسیەکانی پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین هاتنە دەنگ

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ژمارەیەك رۆژنامەنووس و ئەكادیمی و نووسەر و چالاكوانی كورد و عێراقی لە بەیاننامەیەكدا باس لەوە دەكەن، لەم چەند مانگەی رابوردوودا، دیاردەی پێشێلكاری بەرامبەر ئازادیی رادەربڕین، بەجۆرێك لە مەودا و گوڕ و تیندا زیادی كردووە كە نیگەرانیی لەسەر پاشەڕۆژی وڵات و مافەكانی هاووڵاتییان، بە نێر و مێیانەوە، هێندەی تر بەرفراوان كردووە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە: لە پاش ماوەیەكی كورتی شنەبای هیوا بە ئازادییە نیسبییەكان لە دوای راماڵینی رژێمی داپڵۆسێنەری ستمكار، لە ساڵی 2003 وە، چەندین ساڵە پێشێلكارییەكانی ئازادیی رادەربڕین لە عێراقدا لە برەودایە. چونكە لە راستیدا ئەو شنەبایە سیستەمێكی روونی دامودەزگا سالاری و بونیادێكی دادوەری توندوتۆڵ نەیپاراست و، بە تەنها دەرچەی فشۆڵیی بونادی دەوڵەت بوو لە دوای ساڵی 2003 وە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە: سەرباری ئەوەش، لەم چەند مانگەی رابوردوودا، دیاردەی پێشێلكاری بەرامبەر ئازادیی رادەربڕین، بەجۆرێك لە مەودا و گوڕ و تیندا زیادی كردووە كە نیگەرانیی لەسەر پاشەڕۆژی وڵات و مافەكانی هاووڵاتییان، بە نێر و مێیانەوە، هێندەی تر بەرفراوان كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە وڵات و دەزگا گشتییەكانی زاڵ بوون بەسەر هەندێك لە دژوارترین ئاستەنگەكانی بەردەمیان، كە لە سەروو هەموویانەوە تێرۆریزم بوو.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە میانی ئەنجامدانی پێشێلكارییەكانیاندا، دەسەڵاتە پێشێلكارەكان و خاوەن پایە حكومەتییە بەرزەكان و حیزبە دەسەڵاتدارەكان پەنایان بردۆتە بەر دەستەواژەی وەك “بەدگوتاری بەرامبەر بە دەزگاكانی دەوڵەت” و “سووكایەتی كردن بە دەسەڵاتی دادوەری” و “بێڕێزی كردن بە سومبولەكان” بۆ وێناكردنی ئەو كارانەی دەیانەوێت بە تاوان ناورەزدیان بكەن. تا بەهۆی ئەوەوە رێوشوێنی بە سزاگەیاندن بەرامبەر هاووڵاتییانی خاوەن رای ئازاد بگرنە بەر. بەڵام سەرەڕای بەتاوانناساندنیان، ئەو گوتارانە لە راستیدا كوتومت لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندا پێناسە دەكرێن. ئەم ئازادییەش دەستووری عێراق نەك هەر دەستەبەری كردووە، بەڵكو لە گەلێك بڕگەیدا، بەدەستهێنانی ئامانجەكانی دەستووری بە مەرجی ئازادیی رادەربڕینەوە گرێداوە.

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هێما بەوەكراوە، پابەند نەبوونی دەسەڵاتە گشتییەكان، بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، بە پرانسیپە نەگۆڕەكانی ژیانی دیمۆكراسی وڵات دەخاتە سەر رێچكەی حوكمڕانی لە رێی زەبروزەنگ و رێ خۆشدەكات بۆ گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت و نەهامەتییە زۆرەكانی، تەنها بە رووكەشێكی جیاوازەوە: رووكەشی دەوڵەتێكی دەستكورت لە بەدیهێنانی ئەركەكانی بەرامبەر هاووڵاتیانی وڵاتەكەی، بەڵام سەركوتكار و دڕندە بەرامبەر هاووڵاتییانی رەخنەگر و بەرەنگاركارانی چەوتوچێڵییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا