پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
كاتێك فەرماندەی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانانی ناتۆ بووم، هێزەكانمان لە عێراق ئەركێكی راهێنانی بچووكی هەبوو، لەوكاتەشدا ئیدارەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ناوجەرگەی كەمكردنەوەی هێزەكانماندا بوو لە عێراق، كە لەوكاتەدا رێژەی سەربازان لەو وڵاتە دەگەیشتە ١٧٠ هەزار سەرباز.
جەیمس ستافریدس فەرماندەی پێشووی هێزەكانی هاوپەیمانان و راگری كۆلێژی فلیچەر بۆ یاسا و دیبلۆماسی لە زانكۆی تەفتس لە باسی كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراقدا دەڵێت، كشانەوە نفوزی ئێران لە عێراقدا زیاتر دەكات.
كشانەوەی ئەمریکا نفوزی ئێران لە عێراقدا زیاتر دەكات
جەیمس دەڵێت: سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقم كرد و لەگەڵ بۆب كاسلین كە ئەركی راهێنانەكەی لەسەرشان بوو، كۆبوونەوەیەكی دوورودرێژمان ئەنجامدا، كاسلین جەختی لەوە دەكردەوە بەڕێژەی ٪٩٠ سەربازانی ئەمریكا لە وڵاتەكە كەمبكاتەوە، هەر ئەوەشمان كرد، بەڵام پێویست بوو لانیكەم ١٥ هەزار سەرباز لە عێراق بمێنێتەوە ئەوەش لەپێناو پارێزگاری كردن لە سەقامگیری وڵاتەكە و پاراستنی لەبەرامبەر نفوز و لایەنگرەكانی ئێران.
لەدوای ئەوەی ئیدارەی ئۆباما دەستی بە كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق كرد، بەتێپەڕبوونی كات و لەگەڵ بەرفراوانبوونی نفوزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەندە حكومییەكان و سوپای عێراق، مەترسییەكانی رێكخراوی چەكداری داعش روویان لە زیادبوون كرد.
دەشڵێت: دۆخەكە بە مانەوەی شەش هەزار سەربازی ئەمریكی لەنێوان عێراق و سوریا كۆتایی هات، بە گەیشتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هێزە ئەمریكییەكە شانبەشانی هێزەكانی هاوپەیمانانی ناتۆ، هاوكات پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانانی عەرەبی، رۆڵی گەورەیان هەبوو لە روبەڕوبوونەوەی داعش.
لە ئێستادا ئاشكرایە، ئیدارەی ترەمپ سورە لەسەر ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كەمبكاتەوە بەجۆرێك تەنیا سێ هەزار سەرباز لە وڵاتەكەدا بمێنێتەوە، تا كۆتایی مانگی ئابی رابردوو، ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق پێنج هەزار و ٢٠٠ سەرباز بوون، لە ئێستاشدا، ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە فشارخستنە سەر وەزارەتی بەرگری ئەمریكا “پێنتاگۆن” بەمەبەستی پێشنیازكردنی چەند بژاردەیەك بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق، سوریا و ئەفغانستان، بەشیوەیەك هیچ سەربازێكیانی تێدا نەهێڵێت.
پێویستە چاو بەوەدا بخشێنینەوە لەم كشانەوەیەدا كێ براوەیە و كێ دۆڕاو:
یەكەمین، پێویستە درك بەوە بكەین كە ئەم هەنگاوە ورەی رێكخراوی داعش بەرزدەكاتەوە، بوونی سەربازانی ئەمریكا لەو ناوچانە، پەیوەندییەكی بەهێز بوو بۆ كۆكردنەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش، ئەوەش لەڕێی پاڵپشتییە لۆجستییەكانی وەك چاودێری پزیشكی و كۆكردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەكان نەك لەڕێی شەڕ و كوشتار.
كۆماری ئیسلامی ئێران خۆشحاڵ دەبێت بە رۆیشتنی تەواوەتی ئەمریكا لە عێراق
دووەمین، كۆماری ئیسلامی ئێران خۆشحاڵ دەبێت بە رۆیشتنی تەواوەتی ئەمریكا لە عێراق، هاوكات درك بەوەش دەكات كشانەوەی ئەمریكا جگە لە راكردن لە ئەركی روبەڕوبوونەوە لە ناوچەكەدا كە تاران هەموو هەوڵێكی تێدا خستووەتەگەڕ بۆ شێواندنی سەقامگیری وڵاتەكە هیچی دیكە نییە، ئەوەش دەبێتەهۆی لەناوبردنی دەستكەوتەكانی دۆناڵد ترەمپ، لەنێویاندا، هاندانی ئیمارات و چەند وڵاتێكی عەرەبی دیكە تا لەپاڵ ئیسرائیلدا بوەستن و روبەڕوی ئێران ببنەوە.
جەیمس دەڵێت: لەم چوارچێوەیەدا رووبەڕووی پرسیارێكی گرنگ دەبینەوە، ئەویش ئەوەیە، ئایا ئەمریكا بەڕاستی دەیەوێت خوێنێكی زۆر بڕژێنێت و لەڕێی ئەم كشانەوەیەوە سامانێكی زۆر پێكەوە بنێت؟ لەو بڕوایەدا نیم، جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە بۆ پێوانە ژمارەییەكان، ئەمریكا پێشتر نزیكەی ١٧٠ هەزار سەربازی لە عێراق بڵاوەپێكرد لەكاتێكدا لە ئەفغانستان ١٠٠ هەزار سەربازی بڵاوەپێكرد، ئەوەی كە وڵاتەكە و دەوروبەری دووچاری كوشتار و خوێنڕشتن كردەوە سەردەمی پێش دۆناڵد ترەمپ بوو، كە سەربازانی ئەمریكا بەڕێژەی ٪٩٠ كەمكرانەوە.
براوە كێیە؟
جەیمس دەڵێت: براوە رێكخراوی چەكداری داعش، ئێران و روسیان، دۆڕاویش هێزەكانی هاوپەیمانانی ئەمریكا و گەلی عێراقە، چونكە ئەو كشانەوەیە دەبێتە هۆی ئاسانكردنی دەستتێوەردانەكانی ئێران بۆ وڵاتەكە و زیادبوونی خوێنڕشتن و كوشتار، بەگشتیش رێككەوتنێكی پڕ لە شكستە بەتایبەت بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمریكا كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكیەتی و بەردەوام لەبەرامبەر وڵاتانی جیهان خۆی هەڵدەكێشێت بە هونەرەكانی ئەو وڵاتە لە مامەڵەكردنی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان.
براوە رێكخراوی چەكداری داعش، ئێران و روسیان، دۆڕاویش هێزەكانی هاوپەیمانانی ئەمریكا و گەلی عێراقە
مانگی ئابی رابردوو، میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەنیازە یەك لەسەر سێی سەربازانی لە عێراقدا كەم بكاتەوە.
بەشێك لە شارەزایان دەڵێن: لەدوای كوژرانی هەریەكە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە، كە بووەهۆی توڕەكردنی لایەنە شیعەكان و هێزەكانی سەر بە ئێران، بەجۆرێك داوایان لە عێراق كرد، هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دووربخاتەوە، هەر ئەوەش وای كرد هێرشی یەك بەدوای یەك بكرێتە سەر هێزەكانی ئەمریكا و بنكە و سەربازگەكانیان لە وڵاتەكە، ئەوەش دەسەڵاتدارانی ئەمریكای توڕەكرد و بڕیاریان دا بە كەمكردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەكانیان لە عێراق.
جەیمس ستافریدس – فەرماندەی پێشووی هێزەكانی هاوپەیمانان و راگری كۆلێژی فلیچەر بۆ یاسا و دیبلۆماسی لە زانكۆی تەفتس.