پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری ئێران رایگەیاند، ژمارەی گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە سەرووی چوار ملیۆن كەس و ژمارەی كرێكارانی گیرۆدەبووی ماددەی هۆشبەر لە زیادبووندایە.
بەپێی ئاماری نووسینگەی لێكۆڵینەوە و پەروەردەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری ئێران، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی هەژاری، كێشەی خێزانی، سەختی كار و چەندین هۆكاری دیكە، ژمارەی گیرۆدەبووانی ماددەی هۆشبەر بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی چوار ملیۆن كەس.
بەپێی ئەو راپۆرتە، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر لەنێو كرێكارانیشدا زیاتر بووە و هۆكاری جیاوازی هەیە وەكو كاری قورس، سەختی پیشەكانیان و كێشەی خێزانی.
نووسینگەی لێكۆڵینەوە و پەروەردەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری ئێران دەڵێت، ماددەی هۆشبەر بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ساڵانە 167 تریلیۆن تمەن (نزیكەی 5 ملیار و 400 هەزار دۆلار) زیان بەو وڵاتە دەگەیەنێت و 24 تریلیۆن تمەن (775 ملیۆن دۆلار) بۆ كڕینی ماددەی هۆشبەر خەرجدەكرێت.