حكومەتی هەرێم لە دووڕییانێكی چارەنوسسازدایە !

• بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش ئەم كابینەی نۆهەمە،لە دۆخێكی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەندروستی و …هتد. زۆر خراپدایە لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی كێشە و گرفتەكانی 17 ساڵی ڕابووردووی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ململانێ سیاسی و حیزبیە تەسك و بێزراوەكانی ناو هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لە نێوان هەر سێ لایەنی پێكهێنەری ئەم كابینەیەدا كە بریتین لەهەریەكە لە ((پارتی و یەكێتی و گۆڕان)).بۆیە ئەم هۆكارانە كاریگەریەكی توند و خرپیان كردۆتە سەر ئەدا و كارنامە و ئیشوكارەكانی حكومەت و هێندەی تر لاواز و بێزراویشی كردوە لەبەردەم حكومەتی بەغداد و شەقامی كوردیشدا كە چارەنوسەكەی وەك دەڵێن كەوتۆتە سەر دەستی عفریت.و لە ئان و ساتدایە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕووخان و پێشبینی دەكرێت كە نەتوانێت تەمەنی ئاسایی خۆی كە 4 ساڵە تەواو بكات بەهۆی:

• نەبوونی متمانەی تەواو لە نێوان هەرسێ لایەنەكەدا بەیەكتری.

• جێبەجێنەكردنی ڕێكەوتنە سیاسیەكانی نێوانیان وەكو خۆی.

• جیاوازی لە بیروبۆچوون و بەرنامەیاندا بۆ ئیدارەدانی حكومەت و چۆنێتی حوكمڕانی و چارەسەری قەیرانەكان.
• هەستكردن بۆ خۆسەپاندنی بڕیار و هەژموونی لایەنێكی سەرەكی حكومەت بەسەر ڕێڕەو و سیاسەتی گشتی حكومەتدا.

• بۆیە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم كەوتۆتە سەر دوو ڕییانێكی چارەنوسساز،بەوەی یان دەبێت دەسبكاتە پڕۆسەیەكی چاكسازی بێكەموكوڕی و چاوپۆشی نەكات لەهیچ كەس و لایەنێكی گەندەڵكار و بكەوێتە خۆ بۆ كۆكردنەوەی تەواوی داهاتەكانی لە گەنجینەی حكومەت و بە شەفافانە مامەڵەی لەگەڵدا بكات و خەرجیەكانیش ڕوون و ئاشكرا بێت. و هەرچی كردوە سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەت كە بریتین لە نەوت و گومرگ و باج و ڕسوماتە ناوخۆییەكان كۆنتڕۆڵی تەواویان بكات و چاكسازیش لە ئۆرگانەكانیدا بكات. بۆئەوەی بتوانێت مانگانە مووچەی فەرمانبەران بدات و پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان پێشكەش بكات و وڵاتیش ئاوەدان بكاتەوە و بازاڕ و ئابوریش ببوژێنێتەوە.

• یان دەبێت حكومەتی هەرێم نەتوانین و بێتوانایی خۆی ڕابگەیەنێت لە چارەسەری قەیرانەكە و حكومەت هەڵبوەشێتەوە و كاربكرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە .

• كە هەردوو بژاردەكە ئاسان نین،بەڵام دەكرێت هەنگاویان بۆ بنرێت بەتایبەتی لە بواری چاكسازی و شەفافیەتی داهات و خەرجیەكان و ڕێكخستنەوەی مووچە و بودجەی ساڵانە ئەویش بە ڕێكەوتن دەبێت لەگەڵ بەغدادا،(( دوور لە موزایەدەی سیاسی بەسەر یەكتردا و فرۆشتنەوەی كوردایەتیش بە یەكتری))، چونكە تا ئەوكاتەی هەرێم بەشێك بێت لە دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ،هەم ئەركی لە ئەستۆدایە و هەم مافیشی هەیە،بۆیە دەبێت لەلایەك ئەركە یاسایی و دەستوریەكانی جێبەجێبكات و لەولاشەوە مكوڕبێت لەسەر داواكاری و ماف و شایستە دارایی و سیاسی و ئەمنی و خاكەكەیدا لەبەرامبەر دەوڵەتی عێراقدا.چونكە هەر بەغداد قوڵایی پەیوەندی و ڕێكەوتنەكانی هەرێمە نەك ئەنقەرە و تاران و دیمەشق و پایتەختەكانی تر.بۆیە گەرەكە حكومەتی هەرێم بۆ بەردەوامبوونی تەمەن و مانی ئەم قەوارە سیاسیە دەستوریەی هەرێم هەرچی دەكرێت و دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت هەنگاوی جدی بۆ بنێت و خەمسارد و بێ خەم نەبێت،چونكە شەقامی كوردی لە ئێستادا زۆر توڕە و زویر و ناڕازیە لەم حكومەتە بەتایبەتیش كاتێك هەنگاوەكانی مستەفا كازمی دەبینێت لە عێراقدا بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی هاوڵاتیان و نەهێشتنی گەندەڵی و بچووكردنەوەی ڕۆڵی سەركردە و حیزب و میلیشیا چەكدارەكان و قۆرخكاری و ..هتد. بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەم كابینەیە تەنها و تەنها بە گرتنە بەری سیاسەتی شەفافیەت لەهەموو كەرت و بوارەكاندا و بە ڕۆنانەوە و بوژانەوەی متمانەی جەماوەر بەكار و كردەوەكانی دەتوانێت خۆی دەرباز بكات لە توڕەیی شەقام و هاوڵاتیان ،جا ئەو وتە عەرەبیە كە دەڵێت (( اژا صلح القائد،فلن یجرا احد علی الفساد)) زۆر پڕ مانایە بۆ ئەم دۆخ و ساتە هەستیار و مەترسیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

نەوزادی موهەندیس

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا