بافڵ جەلال تاڵەبانی:لە دوای دیداری یەكێتییەوە حزبەكەمان دەچێتە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسییەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، سروشتی جوانی كوردستان و ژینگەمان لەیاد نەكردووە و دەمەوێت لێرەوە بۆ هەموولایەكی رابگەیەنم لە ئەمڕۆوە تاوەكو یادێكی تری دامەزراندنی یەكێتی، یەك ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەچێنین و سەوزكردنی كوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین.

بەبۆنەی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و 46 ساڵەی شۆڕشی نوێ‌، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پەیامێكی بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەدا هاتووە، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر لە یادی47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 46 هەمین ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەم یادە مەزن و رۆژە مێژووییەتان لێدەكەم.

ئەوەشهاتووە، لەم رۆژە پیرۆزەدا دروود و سڵاو بۆ رۆحی پاكی ئەو شەهیدە قارەمانانە دەنێرین كە خوێنی خۆیان كردە قوربانیی ئامانجە باڵاكانی یەكێتی كە خەبات بوو لەپێناو سەرفرازیی خەڵكی كوردستان. سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاراستەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین كە نموونەی وەفاداریی و خۆڕاگریین. رۆڵی سەركردە قارەمان و تێكۆشەرەكانی رۆژانی خەبات لەیادناكەین و بەڕێزەوە یادیان دەكەینەوە.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەناوی رەنجدەران و هەژارانەوە گەشەی كرد و هەر ئەوانیش بەردەوامییان بە كاروانی خەباتدا، بۆیە ئەم رۆژە مەزنە بەتایبەت لە ئەوان پیرۆز دەكەین و سەری ڕێزمان بۆ قوربانیدان و تێكۆشانیان دادەنەوێنین.

باس لەوەشكراوە، لە ساڵانی رابردوودا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە چەند قۆناغێكی سەخت و دژواردا تێپەڕی، بەڵام رۆحی بەرەنگاریی یەكێتییە دڵسۆز و قارەمانەكان بوو كە شكستی گۆڕی بۆ سەركەوتن. بۆیە خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزاری ئێوە دەزانین و ئەو هەڵوێستە جوامێرانە و مێژووییەتان لەیاد ناكەین.

هێما بەوەشكراوە، لە دوای دیداری یەكێتییەوە حزبەكەمان دەچێتە قۆناغێكی نوێی كاری سیاسییەوە. نوێبوونەوە و چاكسازی بنەمای كاركردنمان دەبێت و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی نوێ بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر و حوكمڕانییەكی تەندروست كاری لە پێشینەمان دەبێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا روونیكردووەتەوە، ئێمە بەڵێنمان بە خەڵكی سەربەرزی كوردستان داوە خزمەتیان بكەین و قەرەبووی ساڵانێكی پڕ لە قەیران و سەختییان بۆ بكەینەوە. ئەمەش هاوكاری و هەماهەنگی هەموولایەكمانی پێویستە و دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و نیشتمانییەدا بین.

جەختی كردووەتەوە، لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پارێزەری بنەما نەگۆڕەكانی یەكێتی دەبین كە خۆی لە پاراستنی مافی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین و پتەوكردنی پایەكانی دیموكراسیدا دەبینێتەوە. جەخت لە قووڵكردنەوەی رۆحی تەبایی نێوان نەتەوە، پێكهاتە و ئاینزاكان دەكەینەوە و فرەڕەنگی كوردستانمان دەپارێزین. گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ هێز و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەكەینە بنەمای كاركردن تاوەكو هەموومان پێكەوە بتوانین خزمەتگوزارییەكی شایستە و داهاتوویەكی سەقامگیر بۆ خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەین.

باس لەوەشكراوە، لەسەر ئاستی عێراقیش دەستوور دەكەینە پێوەری كاركردنمان بۆ بەدەستهێنانی ماف و داوا رەواكانی میللەتەكەمان. لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبین و رێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەكەین. پشتیوانی گەنجە دڵسۆزەكانمان دەبین و هاوكاریان دەبین بۆ پەرەپێدان و گەشەكردنی تواناكانیان.

لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە، سروشتی جوانی كوردستان و ژینگەمان لەیاد نەكردووە و دەمەوێت لێرەوە بۆ هەموولایەكی رابگەیەنم لە ئەمڕۆوە تاوەكو یادێكی تری دامەزراندنی یەكێتی، یەك ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەچێنین و سەوزكردنی كوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا