ژمارە سفرەكان

كابرایەك لەزیندان، بەهۆی ئەو كاتە زۆرەی هەیەتی، دەستدەداتە نوسینەوەی مێژوی روداوەكانی سەردەمی خۆی. رۆژێك بۆ میزكردنێك دەچێتەدەرەوەی ژورەكەی، تا دێتەوە دوان لە هاوڕێ زیندانییەكانی بەشەڕهاتون. ئەمیش دەیەوێت راستیی روداوەكە بنوسێتەوە، بەڵام هەموو ئەوانەی ئاگاداربون بەخودی بەشەڕهاتوەكانیشەوە، بەشێوەی جیاواز روداوەكە دەگێڕنەوە. كابرا دەهری دەبێت و شەقێك لە دەفتەر و قەڵەم هەڵدەدات، دەڵێت: من لەپاڵ خۆمدا نەتوانم راستی روداوێك وەك خۆی بنوسمەوە، بەچی لۆجیكێك بتوانم راستی روداوێكی 25 ساڵ لەمەوبەر بنوسمەوە؟

كابرا بەدەنگ و رەنگ دەیان درۆی تۆماركراوی بڵاوكراوەتەوە و خۆی لەیەكێكیان ناكات بە ساحێب، ئێستا وەك كابرای زیندانی، لەحزبەكەی پەراوێزخراوە و لەبێ ئیشیدا بیریكەوتۆتەوە مێژوی پەنجا ساڵ لەمەوبەرمان بۆ بنوسێتەوە.

هەندێك لە ئینسان هەن لە ژمارە سفر دەچن، حەزدەكەیت زەڕبی ملیاری بكە، كەچی هەر دەكاتەوە سفر و نابێت بە یەك. خەڵك دەناسم لەوەتەی شاشەی تیڤی هەیە ئەو لەسەر شاشەیە، كەچی نابێت بە یەك و هەر لەجێی خۆیەتی. گۆرانیبێژ هەیە ژێكانی قوڕگی پچڕاوە هێندەی لەخۆی بنوسێ، كەچی دەڵێی دوعای رەشی لێكراوەو خەڵك خۆشی لەدەنگی نایەت. كەسی سیاسیش هەیە، هێندەی چۆمسكی كاتی بەسیاسەتەوە كوشتوەو لەهەمو قاپێكدا كەوچكە، كەچی هەر گرگنە و بستێك باڵاناكات.

جا نوسینەوەی مێژوو كاری پیاوی گرگن نیە، گرگنی ئەوەیە كابرا لەپێشەكی نوسینەكەیەوە ئیحمادەكات بۆئەوەی چۆن بچوكی خۆی بە شكاندنی بەرامبەرەكەی بشارێتەوە. گرنگیش نیە، با ژمارەی پەڕەكانی كتێبەكەی ملیۆنێك بێت، هەر ئەوەندەی زەڕبی ناوی نوسەرەكەیت كرد، یەكسەر دەبێتەوە بە سفر.

هاوكار حوسێن

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا