پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەدوای ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق یاسای بەتاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتکردەوە، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر وەڵامی بالیۆزخانەی دایەوە و وتی، “ئەمەیە سیاسەتەکەتان؟”.
لە پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر بە ئەمریکا دەڵێت، “قەدەغەکردنی وەستانەوە دژی جولەکە، ئاساییکردنەوەی ناچاریی پەیوەندییەکان، کوشتنی نوێژکەرانی مزگەوتەکانی نیوزلەندا و مزگەوتەکانی دیکەی جیهان تیرۆر نییە! قەدەغەکردنی باڵاپۆشی و پەسەندکردنی یاسای هاوڕەگەزخوازان کە بەهەموو شێوەیەک حەرامە قەدەغە نییە و ئەرکە؟ ئەمەیە سیاسەتەکەتان؟!”.
لە درێژەی پەیامەکەیدا سەدر دەپرسێت، “دەرکردنی عەرەبەکان لە قودس و ڕێگریکردنیان لە چوونەناو قودس کارێکی مرۆییە؟”.
دەشڵێت، “ئێمە پارێزگاری لە کەمینە مەسیحی و جولەکەکان دەکەین و ئێوە عەرەب و موسڵمانان دەردەکەن، ئێمە دژی کارە تیرۆرستییەکانی داعشین و ئێوە پاڵپشتی توندوتیژی ڕۆژئاوا دەکەن!”.
لە کۆتاییشدا نوسیویەتی، “دواتر چی؟ ئەوە بزانن ئێمە دژی ئاینەکان نین، بەڵکو دژی توندڕەوی و تیرۆر و ستەمین”.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوابەدوای پەسەندکردنی یاسای بەتاوان ناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی بڕیارەکەی عێراق وەستانەوە.