پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن روونكردنەوە لەبارەی ناردنەوەی “زۆرەملێی” كۆچبەرانی كورد دەدات و دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە رێككەوتنێكی لەگەڵ بەریتانیادا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و لە سەردانی فەرمیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بە هیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی زۆرەملێ باس نەكراوە.
لە روونكردنەوەیەكدا، نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن رۆژی سێشەممە 24 ی ئایار بڵاویكردووەتەوە، هاتووە، ژمارەیەك لە هاونیشتمانییانی كورد لە بەریتانیا و میدیاكان پەیوەندی دەكەن لەسەر پرسی ناردنەوەی بەزۆری كۆچبەرانی كورد و رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لەو بارەیەوە بۆیە رایدەگەیەنین، لە سەردانی فەرمیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، بە هیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی زۆرەملێ باس نەكراوە و رێككەوتن لەوبارەوە نەكراوە.
لە روونكردنەوەكەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لەندەن هاتووە، هەرێمی كوردستان و شانشینی یەكگرتوو لەسەر ئاستی نەهێشتنی تاوانی رێكخراو و بەدواداچوونی تاوانباران و بازرگانانی مرۆڤ هاوئاهەنگن و هاوكاریی یەكدی دەكەن.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەشدا هاتووە، پەیوەندییە دوولایەنەكانی شانشینی یەكگرتوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان قوڵ و دۆستانەن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندیی دوولایەنەن، ئەو پرسەی كە هەندێك كەس و لایەن دەیانەوێت چەواشەكاری و هەستی هاووڵاتیانی پێ بجوڵێنن و بۆ بەرژەوەندیی كورتخایەنی خۆیان بەكاریبهێنن رەت دەكەینەوە و كاری لەپێشینەی پەیوەندیی دوولایەنە بەهیچ شێوەیەك پرسی ناردنەوەی بەزۆر نییە.