مەسرور بارزانی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ ناکەین

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگای باڵا تایبەت بە دۆسیەی نەوت سیاسیە و پێوەی پابەند نابن.

لە پانێلێكی هاوبەشیدا، لەگەڵ هەریەك لە وەزیرانی دەرەوەی سعوودییە، ئوردن و كوەیت، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە نادەستووری بوونی دۆسیەی نەوتی هەرێم بڕیارێكی سیاسییە و جێبەجێی ناكەین.

مەسرور بارزانی وتی: پێم وانییە، عێراق وڵاتێكی سەربەخۆ بێت و بڕیارەكانی سەربەخۆیانە بدات، لە لایەن وڵاتانی دەرەوە كاریگەری خراوەتە سەر و هۆكاری دەرەكی دەستیان بەسەردا گرتووە. دۆستەكانمان دەڵێن با عێراق خۆی بڕیاربدات، بەڵام تا ئێستا عێراق خۆی بڕیاری نەداوە. كەلێنی زۆر هەیە و وڵاتانی دیكە پڕیان كردووەتەوە. پێویستە هەموو دۆستەكانی عێراق هەوڵبدەن و دڵنیابنەوە لەوەی خەڵكی عێراق خۆیان چارەنووسیان هەڵدەبژێرن، كاتێك ئەمە روویدا و رێز لە دەستوور گیرا، ئەمە پاكێجێكی گەورەیە بۆ هەموو وڵاتەكە و ئێمە دەستوورێكمان هەیە، بەداخەوە پشتگوێ خراوە، ئەو ماددانەی گرنگن پشتگوێخراون، سڕینەوەی نەتەوەیی جێبەجێ كراوە، ئەمە هۆكار بووە بۆ ئەوەی ناوچە دوورە دەستەكان ببنە هاوكاری تیرۆر، چونكە پشتگوێ خراون و مافیان جێبەجێ نەكراوە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، ئەو بڕیارە سیاسییەی بە ناوی دامەزراوەیەكی یاساییەوە، كە پێی دەوترێت دادگای فیدراڵی دەركراوە، بە ناوی یاساییەوە كراوە، بەڵام هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، عێراق ئەوەندە كێشەی هەیە، كە پێویست ناكات كێشەی دیكەی بۆ درووست بكرێت.

مەسرور بارزانی روونیكردەوە: حكومەتەكەی من، دەسەڵاتی تەواومان هەیە، سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری هەموویان بڕیارەكەیان رەتكردووەتەوە، چونكە بڕیارێكی سیاسیی بوو، نەك یاسایی و بە گوێرەی دەستوور نەبوو، بە گوێرەی یاسا و ماددەكانی دەستوور نەبووە، ئەو دامەزراوەیەش بە گوێرەی دەستوور دانەمەزراوە و ئەم بڕیارە سیاسییە و ئەوەی پێی دەوترێت لایەنێكی یاسایی دەریكردووە، نەخێر ئەمە ناوچەیەك و شوێنێك نییە بتوانین ئەو بڕیارە پەسند بكەین، چونكە پێشێلی دەستووری عێراق و مافە دەستوورییەكانمانە، دەستوور لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، بە دڵنیاییەوە ئێمە پابەندی دەستوورین و ئەركەكانمان جێبەجێ دەكەین، بەڵام رێگە نادەین مافەكانمان پێشێل بكرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا