پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
مۆسكۆ گەشتكردنی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و 962 بەرپرس و بازرگان و هاووڵاتیی دیكەی ئەمریكی بۆ رووسیا قەدەغەكرد، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بەردەوامدەبین لە وەڵامی گونجاو بۆ كردە تووندەكانی واشنتن كە زیان بە خودی ئەمریكا دەگەیەنن.
پێشتر رووسیا ناوی هەریەك لە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوە و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا و ویڵیام بێرنس، سەرۆكی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ناسراو بە CIA خستبووە نێو لیستی سزادراوەكان.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لیستی سزادراوەكانی كەنەداشی فراوانكرد و 26 ناوی دیكەی بۆ زیادكرد كە گەشتی رووسیایان لێ قەدەغەكراوە، لەنێویاندا وەزیری بەرگری، بەرپرسانی كەرتی پیشەسازیی بازرگانی و سۆفی گریگۆر، هاوژینی جەستن ترودۆ، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا.
هەنگاوەكانی رووسیا دژی ئەمریكا لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەممە جۆ بایدن پاكێجە 40 ملیار دۆلار هاوكارییەكەی بۆ ئۆكرانیا واژۆكرد كە كەرەستەی سەربازی و هاوكاریی مرۆیی لەخۆدەگرێت و پێشتر لەلایەن كۆنگرێسەوە پەسندكرابوو.
هاوكات هەنگاوەكانی لە دژی كەنەداش لەكاتێكدان، رۆژی سێشەممە 17ی ئایاری 2022 كەنەدا پڕۆژە بڕیارێكی ناساند كە تێیدا ڤیلادمیر پووتین، سەرۆكی رووسیا و 1000 ئەندام و بەرپرسی رووسی لە گەشتكردن بۆ كەنەدا قەدەغەكرد.
بەرلەمەش رووسیا گەشتی لە هەریەك لە جەستن ترودۆ و كریستیا فریلاند، وەزیری دارایی كەنەدا و سەتان كەسایەتیی دیكەی كەنەدی دیكەی قەدەخەكردبوو.