تاقی كردنەوەكانی پەیمانگای وەرزشی

پۆڵەتیك: سپۆڕت
بەیانی ئەمڕۆ و تا سێ‌ ڕۆژی تریش پەیمانگا وەرزشییەكانی كوردستان تاقی كردنەوەی زانیاری و جەستەیی خوێندكارانی پۆلی 9 ی بنەڕەتی ئەنجام دەدەن بە مەبەستی وەرگرتنیان لە پەیمانگا وەرزشییەكان.

پەیمانگای وەرزشی سلێمانیش وەك تەواوی پەیمانگاكانی تر ئەمڕۆ تاقی كردنەوەكانی دەستی پێ‌ كرد بەرەبەیان لە هۆڵی فایەق قەسابی نەمر و پێش نیوەڕۆ و نیوەڕۆش لە بەر قرچەی هەتاوی ئەمڕۆی سلێمانی دا لە سەر چیمەنە دەستكردە داخراوەكەی مەلعەبەكە واتا یاریگای ئیدارە محەلی پاش لابردنی تراكەكانی تاقی كردنەوە بە بێ‌ ئامادە بوونی ئۆتۆمۆبێلێكی ئامبۆلانس بە بێ‌ ئامادە بوونی پۆلیس بە بێ‌ بوونی هیچ جۆرە پێداویستییەك چ بۆ خوێندكاران چ بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانەی كە هەندێكیان مامۆستایانی پەیمانگای وەرزشی سلێمانی و سەرۆك و یاریدەدەری لیژنەكەش لە شاری چەمچەماڵی شەهیدانەوە هات بوون.

ئازاد ڕەشید فەتاح/ بەڕێوەبەری پەیمانگای وەرزشی چەمچەماڵ

Politic Sport ئامادەی تاقی كردنەوەكانی یەكەم ڕۆژ بوو بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرپەرشتیاری پرۆسەكە مامۆستا ئازاد ڕەشید فەتاح/ بەڕێوەبەری پەیمانگای وەرزشی چەمچەماڵ دیمانەیەكی كورتی سازدا كە بە هۆی گەرما و نەبوونی چەترێك تەنانەت بۆ لیژنەكە بە زوویی دیدارەكە بە كۆتا هات.

P S/ تاقی كردنەوەكان چۆن بەڕێوە دەچن چەند ڕۆژە و چەند ڕۆژی بۆ كوڕان چەندی بۆ كچانە؟

م. ئازاد/ وەك ساڵانە هەر وا بووە سەرەتا فۆڕم دەدرێت پاشان لە مانگی 8 وەردەگیرێتەوە هەموو ئەم كارانەی لە ڕێی پەیمانگاكانەوە دابەش دەكرێت و دواتر كە دەگەڕێندرێنەوە ساڵانە لە 13 ی مانگەوە بۆ ماوەی 5 ڕۆژ تاقی كردنەوەكان بەڕێوەچوون 4 ڕۆژ بۆ كوڕان ڕۆژێك بۆ كچان بە پێی ڕێژەكانیش ڕۆژەكان دادەنرێن بە پێی تەمەن بۆ نمونە ئەمڕۆ لە دایك بووانی 2002 و 2003 تاقی كردنەوەیان بۆ دەكرێت بەیانیش بە هەمان شێوە هەر ناو شار دەكرێن و ڕۆژانی دواتریش تەمەنەكانی تر و دوا ڕۆژیش كچان دەبن.

P S/ تاقی كردنەوەی تیۆری هەیە یان هەر كردەیی و جەستەییە؟

م. ئازاد/ بەڵێ‌ بە دڵنیاییەوە هەر لەوێوە كە قسە لەگەڵ هەندێك دەكەیت دەزانیت ئاگاداری وەرزشە یاخود نا ئەوەش كاریگەری خۆی هەیە بۆ خاڵ ئینجا دواتر تاقی كردنەوەی جەستەییان بۆ دەكرێت دەشبێت ئەوە بزانین كە هەیە بۆ خۆشی دێت هەیە نازانێت هەر وەرزش چی یە هەیە لە یانەكانەوە هاتووە هەیە دەڵێت ئەمەوێت لە پەیمانگاوە فێر ببم و دەست پێ‌ بكەم.

P S/ ئاستی مێرد منداڵانی ئەمساڵ زۆر خراپە ئایا هۆكار تەنها بڵاو بوونەوەی كۆڕۆنایە یاخود مامۆستایانی وەرزش وەك جاران خۆیان هیلاك ناكەن بە پەروەردە كردنی قوتابیانەوە؟

م. ئازاد/ كۆڕۆنا كاریگەری زۆری هەبوو ئەمساڵ بە داخەوە هەموو جیهان تووشی ئەو دۆخە خراپە بوو ئینجا هەمووانیش دەرچوون ئەوەش ڕێژەیەكی زۆرە خراپە زۆر ئەوەتا 1300 فۆڕم دابەش كراوە 1000 فۆڕمی گەڕاوەتەوە ئێ‌ لەو ژمارەیە ئێمە دواتر 120 قوتابییان وەردەگرین 70 كوڕ و 50 كچ ئێ‌ ئەمە زۆر قورسە.

P S/ مامۆستا ئەم دۆخەی ئەمڕۆ دۆخی تاقی كردنەوەیە باشە گەنجێك ببورێتەوە چی دەكەن تۆ سەرپەرشتیاریت چی دەكەیت؟

م. ئازاد/ دەبو پەیمانگای سلێمانی شتەكان ئامادە بكەن ئێمە بەیانی چووینە هۆڵەكە كێشەمان نەبوو، بەڵام كاتێك هاتینە ئێرە بە ڕاستی دۆخەكە زۆر ناخۆشە مامۆستاكانیش لە بەر هەتاون كێشەیە بە داخەوە نازانیت بڵێیت چی بە داخەوە شارێكی وەك شاری سلێمانی ئەمە دۆخی یاریگا گەورەكەی بێت تەنانەت تراكەكانیش لابران و دانەنرانەوە ئەمە هەمووی جێگەی داخە.

P S/ ئایا ڕاپۆرتت دەبێت لە سەر ئەوە؟

م. ئازاد/ من هەموو ڕۆژێك ڕاپۆرتی خۆمم هەیە و دەینووسم و بەرزی دەكەمەوە بۆ وەزارەت ئیتر ناكرێت ساڵانە شتی وا دووبارە و چەندبارە ببێتەوە دەبێت بەشی وەرزش لە پەیمانگا ڕاپۆرتەكان ببینن و بیخوێننەوە بە داخەوە ئێمە ئەوەی لە سەر شانمانە دەیكەین، بەڵام كە لە سەرو خۆمانەوە نەكرێت چی بكەین خۆ دەسەڵاتی ئێمە نییە.

P S/ دوا پرسیار سەبارەت بە واستە هەموومان دەزانین لە هەموو دونیادا واستە و مەحسوبێت هەیە تا ئێستا دۆخەكە چۆنە؟

م. ئازاد/ ئەگەر بەڕێزتان ئاگادار بن لە بەیانییەوە ئەو هەموو تەلەفۆنە ئەو هەموو خەڵكە دێنە نێو یاریگاكەشەوە بە زۆر داوات لێ‌ دەكەن منداڵەكەی وەربگریت بە ناوی حیزب و ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرسەوە قسە دەكەن ئەگینا ئەوەتا ئێمە لە چەمچەماڵەوە هاتووین هاوڕێیانی سلێمانی لە شوێنێكی ترن ئازیزانی شارەكانی تریش بە هەمان شێوە شوێن گۆڕكێیان پێ‌ دەكرێت هەموو ئەمانە بۆ ئەوە دەكرێت كە تۆزێك واستە كەم ببێتەوە، بەڵام بە ڕاستی مرۆڤیش خۆی و زەمیڕی خۆی خۆ من لە ناو بیر و هزری ئەوانی تردا نیم تا پێیان بڵێم تكایە ئاگاداری زەمیرتان بن ئەوانەی كە شیاون با ئەوانە بە مافی خۆیان وەربگیرێن دەنا من و مامۆستا دلێر عەبدول ڕەحمان لە چەمچەماڵەوە هاتووین كەس ناناسین لەوانەی لێرەن بۆ تاقی كردنەوەی پەیمانگا.

 

 

 

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا