پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رایدەگەیەنێت؛ پڕۆژە و رێگای سیاسیی نەوشیروان مستەفا؛ كراوە و پڕ بەرهەم و پێویستن بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەی تێی كەوتوین، هەربۆیە لەم یادەدا بانگەواز بۆ ئاشتەوایی گشتی و دانیشتنی لایەنە كوردییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەكەین.
بزوتنەوەی گۆڕان لە پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، پێنج ساڵ بەسەر كۆچیی دوایی سەركردەی دیاری سیاسی و ڕوناكبیری كوردستان رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا ئەمین) تێدەپەڕێت، كە لە نیو سەدە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا؛ وەك سیمبولی تێكۆشان و بەگژداچوونەوەی داگیركەران، وەك ئەندازیاری ڕاپەرینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان، وەك كارەكتەرێكی كاریگەری چەسپاندنی حوكمی یاسا و حوكمڕانی رەشید، وەك خوڵقێنەری هێزی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی و خەباتی مەدەنی ناوی چووەتە مێژووی پڕ سەروەری نەتەوەكەمان.
لە پەیامەكەدا ئەوەشهاتوە، دوایی پێنج ساڵ لە كۆچی دوایی، یار و نەیاری ئەم سەركردە مەزنە ددان بەو ڕاستیەدا دەنێن ئەگەر لەكاتی خۆیدا لەجیاتی رەتكردنەوە؛ پڕۆژە و بەرنامە سیاسیەكانی كاك نەوشیروان جێبەجێ بكرایە؛ ئێستا شێوازی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بەم لاوازییە و بەم شێوەیە نەدەكەوتە بەر مەترسی و ئاڵنگاری دژوار، بەڵكو هەرێمێكی سەقامگیرتر و بەهێزتر و پتەومان ئەبو. هەربۆیە لەم یادەدا بانگەواز بۆ ئاشتەوایی گشتی و دانیشتنی لایەنە كوردییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەكەین؛ بۆ گەیشتن بە كۆڕایی سیاسیی و دانانی ستراتیجێكی نیشتیمانی بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیران سیاسیەكان و دروستكردنەوەی متمانەی سیاسیی لەنێوان هاوڵاتیان و دامەزراوەكانی حوكمڕانی”.
دوپاتیشی دەكەنەوە كە ئەگەر دەمانەوێ هەرێمی كوردستان پارێزراو و سەقامگیرمان هەبێ كە بەرگەی مەترسی و هەڕەشەكان بگرێت؛ پێویستە نەخشەڕێگای سیاسیی كاك نەوشیروان جێبەجێ بكرێت، بەتایبەتی لە یەكخستنەوە ئیدارەكان، بە نیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ، دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە بازاڕ و كەرتی تایبەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای شارستانی، گوێگرتن لە داخوازییەكانی خەڵك و دابینكردنی موچە و خزمەگوزارییە سەرەتاییەكان.