قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمریكا پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێم تاوتوێدەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە هەولێر پێشوازیكرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و چەندین پرسی دیكە تاوتووێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ 16ی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، تیایدا رۆبەرت پاڵەدینۆ كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمیش ئامادە بوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەكانی ماتیۆ تۆلەری كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا لە عێراق رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و بەردەوام هاوكاری لایەنە عێراقییەكانی كردوە بۆ لێكنزیكردنەوەی بۆچوونەكانیان.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پڕۆسەی سیاسی عێراق و بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كراو هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێت لەڕێی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە هەوڵی لێكنزیكردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەكان بدرێت.

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایكرد رێككەوتنێكی نیشتمانی بكرێت بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی بەربەستن لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەجۆرێك كە رێككەوتنەكە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێك نەبێت و پێویستیشە هەموو لایەنەكان ئاستی داواكارییەكانیان كەم بكەنەوە.

سەبارەت بەناكۆكییەكانی ناو لایەنە كوردستانییەكانیش، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: كلیلی چارەسەری ناكۆكییەكان لەوەدایە لایەنەكان بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكانەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كرا سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و لەمبارەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە كە دەكرێت هەر ئەم بڕیارە بكرێتە دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا نیگەرانی خۆی دەربڕی كە لە ماوەی رابردوودا رێژەی تاوان لە هەرێمی كوردستان زیادی كردوەو ستایشی هەوڵەكانی جێگری سەرۆك وەزیرانیشی كرد كە جدییە لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی تاوان و دەستگیركردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.

                 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا