پۆڵەتیک پرێس
شتنەوەی خواردن، میوە و سەوزەواتەکان قۆناغی یەکەمی تەندروستیە، لەپێناو هەبوونی تەندروستیەکی باشتر پێش ئامادەکردن و دروستکردنی خواردنەکان پێویستە هەموو پێکهاتەکان بشۆرێنەوە.
بەردەوام پرسیارێکی زۆر لەسەر شتنەوەی میوە و سەوزەواتەکان هەیە کە ئایا دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەهاخۆراکیەکانیان یاخود نا، میوە و سەوزەواتەکان خۆڵ و ماددەی سروشتی ناتەندروستیان لەسەر کۆدەبێتەوە کە هەندێکجار بەچاو نابینرێن ئەگەر نەشۆرێنەوە و بخورێن زیانی تەندروستیان دەبێت و دەبنە هۆی تێکچوونی گەدە، ڕشانەوە و سکچوون.
شارەزایانی بواری تەندروستی چەند ڕێنماییەک بۆ شتنەوەی میوە و سەوزەواتەکان دەخەنەڕوو بۆئەوەی بەهاخۆراکیەکانیان لەدەست نەدەن ئەوانیش:
-پێویستە بە ئاوی سارد بشۆرێنەوە و بەهیچ شێوەیەک ئاوی گەرم بەکارنەهێنرێت.
-شۆردنەوەی میوە و سەوزەواتەکان بە سابون، تایت و ماددە کیمیاییەکان هەڵەیە، لەجێی ئەوان دەتوانرێت خوێ بەکاربهێنرێت.
-میوە و سەوزەواتەکان نابێت بە لەتکراوی بشۆرێنەوە.
-دوای شۆردنەوەیان پێویستە لەشوێنی گونجاودا دابنرێن.