پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەهۆی هەبوونی سكاڵایەك لەسەر حكومەتی عێراق لە پرسی یاسایبوون یان نایاسایبوونی ناردنی 200 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێم، حكومەتی عێراق ناردنی ئەو پارەیەی ڕاگرت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار تایبەت بە پۆڵەتیک پرێس-ی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باس لەوەکراوە، بەهۆی هەبوونی سکاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی لەبارەی 200 ملیار دینارەکەی هەرێم، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تا یەکلابوونەوەی کەیسەکە لە دادگا ناردنی 200 ملیار دینارەکە ڕابگرێت.
ئەم بڕیارەش دوای ئەوەهات ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردانی لەسەر ناردنی 200 ملیارەكە بۆ هەرێم دواخست.
لەسەر داوای ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بە ناوی جەواد كازم عەلوان، بڕیابوو ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر دەستووریبوون یان دەستوورینەبوونی ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم كۆببێتەوە.
دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاردانی لەسەر ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ 12ی حوزەیرانی ئەمساڵ دواخست و داوایكردووە لە دانیشتنی داهاتوو نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و چاودێریی دارایی عێراق ئامادەی دانیشتنەكە بن.
دوای ئەوەی كە بودجەی 2021 لە كۆتایی مانگی ئاداری ئەو ساڵەدا پەسندكرا، ئەو بڕگانەی یاساكە كە تایبەت بوون بە پابەندبوونی هەرێم بە یاساكە نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە و بڕە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردرا، دواتر 200 ملیار دینار وەكو سولفە بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكرا، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێك ناردنی ئەو پارەیە دواكەوتووە و ئەوەش كێشەی لە دابەشكردنی مووچەدا دروستكردووە.
سەرچاوەکەی پۆڵەتیک پرێس ئەوەشیخستەڕوو، دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ ئەو دۆسیەیە بۆ مانگی داهاتوو دواخراوە.