وەزارەتی شەهیدان داوای دەستگیركردن و دادگایكردنی نزار خەزرەجی دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند: لەڕێی هەماهەنگی لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و ئەنجومەنی دادوەری و ڕێكخراوەكانی بواری ئەنفال، داوای گرتن و ڕادەستكردنەوەی تاوانبار (نزار عبدالكریم فیصل الخزرجی) دەكات بەمەبەستی دادگاییكردنی وەكو یەكێك لە تاوانبارەكانی ئەنفال.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند: لەم ڕۆژانەی دواییدا و لەڕێی كەناڵی (العربی) كە لە لەندەنەوە پەخش دەكرێت، تاوانبار (نزار عبدالكریم فیصل الخزرجی) سوپاسالاری پێشووتری سەردەمی بەعس، لەمیانەی گێڕانەوەی یاداشتەكانی، سەرەڕای سوكایەتیكردنی بەناوی پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەكەمان، هەموو ئەو تاوانانەش كە سوپا و دامودەزگا سەركوتكەرەكانی بەعس لە ئەنفالدا دژ بە دانیشتوانە سڤیلەكەی كوردستان ئەنجامیان داوە، زۆر بێ شەرمانە ڕەت دەكاتەوە و تەنها بە پڕوپاگەندەی هێزە كوردییەكان و ئێران و ڕاگەیاندنەكانی خۆرئاوای لە قەڵەم دەدات.

ئەوەشهاتووە، پێشتریش تاوانباری ناوبراو لە زاری خۆیەوە و لە یاداشتە نووسراوەكانی خۆیدا، ئەنفالی بە پڕۆسەیەكی ئەمنیی ناوخۆیی لە قەڵەم داوە و پێی وایە ئەو هەڵایەی نەویستووە كە لەسەری دروست كراوە. نەك هەر ئەوە، تەنانەت كیمیابارانكردنی هەڵەبجەش دەخاتە ئەستۆی ئێران و بەعس و سوپا دڕندەكەی لەم تاوانە بێ بەری دەكات.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، ئەو بە شانازییەوە باسی ئەوە دەكات كە ئەندازیاری ڕاگواستنی گوندەكانی كوردستان بووە لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، سەرەڕای سەرپەرشتیكردنی قۆناغەكانی ئەنفالی یەك و دوو و سێ لە ناوچەكانی دۆڵی جافەتی و قەرەداغ و گەرمیان، هەر خۆی داڕێژەری بیرۆكە و تەواوكەری تاوانەكانی ئەنفالیش بووە لە پاش كۆتاییهاتنی جەنگی عێراق – ئێران.

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەكو پارێزەری سەروەریی شەهیدان و مافی كەسوكارە سەربەرزەكانیان و داكۆكیكاری ناساندنی تاوانەكانی بەعسی ڕووخاو دژ بە گەلی كوردستان، لە كاتێكدا ئەم ئینكاریكردنەی تاوانباری ناوبراو ڕەت دەكاتەوە و ناوبراو بە تاوانبارێكی سەرەكی تاوانەكانی ئەنفال دەناسێنێت، بە ئەركی خۆشی دەزانێت لەڕێی هەماهەنگی لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و ئەنجومەنی دادوەری و ڕێكخراوەكانی بوارەكە لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داوای گرتن و ڕادەستكردنەوەی تاوانبار (نزار عبدالكریم فیصل الخزرجی) بكات بەمەبەستی دادگاییكردنی وەكو یەكێك لە تاوانبارەكانی ئەنفال، بەتایبەتیش كە تاوانباری ناوبراو بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ف٢/١٤٤٥ لە ١٨/١٢/٢٠٠٥، یەكێك بووە لە تاوانبارە داواكراوەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و لێدوانەكانی ئەم دواییەی ئەو، دژی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانە لە عێراق كە تاوانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی گەلەكەمانی وەكو جینۆساید ناساندووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا