محەمەدی حاجی مەحمود لەسەر دۆسیەی نەوت هەڕەشەی توند لە حكومەتی عێراق دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری پارتی سۆسیالیستی كوردستان دەڵێت، كورد ئەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەكشە بكات وە ئەبێت وەڵامی توندی هەر كەس و لایەنێك بداتەوە كە ئەو مەسەلەیە باس ئەكەن و قابیلی قسە لەسەركردن نییە.

محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان، لە نووسینێكدا وەڵامی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی حكومەتی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: ڕۆژی شەممە 7-5-2022 ئیحسان عەبدولجەبار ناوێك گوایە وەزیری نەوتی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی وەزارەتەكەی كۆمەڵێك قسەی كرد، زۆری لە وڕاوە ئەچوو ئەم وەزیر و گزیرانە قورمش ئەكرێن كە چی بكەن و چی بڵێن، ئەویش قسەكانی كۆنی دادگا عەرەبیەكەی بەغدادی جویەوەو گوایە 75 ڕۆژ نەرمی نواندوە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم وەڵامی ئیجابی نەبووە، بۆیە ئەویش بڕیاری داوە بڕیارەكانی دادگا جێ بەجێ بكات.

محەمەدی حاجی مەحمود وتیشی: من بەم وەزیرە ئەڵێم زۆر دڵنەرم و میهرەبانی نواندوە و خێری بە كورد كردووە، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە قسەو هەڵسوكەوتەی عێراق، ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقمان بیر ئەخاتەوە، بە تایبەتی ڕژێمی سەدام حسێن و حزبی بەعس، بەڵام لە ڕژێمێكی لاواز ڕەنگە ئەم وەزیرە لە ژورەكەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەكانی جێبەجێ بكات.

باس لەوەش دەكات، ئەم وەزیرە بە زبانێكی زبر هەڕەشە لە كوردستان ئەكات لە كاتێكدا عێراق و سەروەریەكانی لە ژێر پۆستاڵ و موشەك و ڕەحمی موخابەراتی وڵاتاندایە، تەنانەت حزب و كەسایەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان گێچەڵیان پێ ئەكرێت، ئەویش ئەیەوێ لەسەر كورد جارێكی كەش خۆیان تاقی بكەنەوە.

سكرتێری پارتی سۆسیالیستی كوردستان جەختدەكاتەوە، نە دادگا دادگایە و نە بڕیاریش جێبەجێ ئەكرێت چونكە كورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر، كورد ئەبێت هەنگاوی تر بنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای كورد و كوردستان.

روونیشیدەكاتەوە، كورد ئەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەكشە بكات وە ئەبێت جوابی توندی هەر كەس و لایەنێك بداتەوە كە ئەو مەسەلەیە باس ئەكەن و قابیلی قسە لەسەركردن نییە و نابێت چونكە دەستوری عێراق مافی بە كورد داوە و دادگا و هەر كەسێكی كە ناتوانێ هیچ بڕیارێكی لەو بابەتە بدات، بۆیە حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرڵەمان و قچا ئەبێت هەڵوێست ڕوون و ئاشكرایان هەبێت لە سەر ئەو جموجۆڵەی بەغداد لەسەر كوردستان هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا