گەندەڵیەكی گەورەی بەرپرسانی پارتی لە مەرزی حاجی ئۆمەران ئاشكرا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، وەرگرتنی سەرانە لە شوفێرانی بارهەڵگری مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هەموو سنورێكی تێپەراندوە، باس لەوەش دەكات ئەو پارەیەی لە شوفێران وەردەگیرێت ناچێتە خەزێنەی گشتی بەڵكو دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتی.

لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: سەرەرای ئەوەی بە چەندین شێواز لە رێگای كۆمپانیای جۆراوجۆر رۆژانە پارە لە كاسبكاران وەردەگیرێت ، كەچی بەمەش تێریان نەخوارد ، سەرانە وەرگرتن شوفێری بارهەڵگریشی گرتەوە .

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرایكردووە، لە رۆژی 1_5_2022 بە بڕیارێكی حزبی هەر لۆریەكی بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران كاربكات (بار بێنێت یان بیبات ) دەبێت رۆژانە 15000 پازدە هەزار دینار بدات بۆ هەربارێك، ئەو پارەیە بەهیچ شێوەیەك ناچێتەوە خەزێنەی گشتی دەوڵەت بەڵكو دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتی.

باس لەوەش دەكات، جگە لەوەی بۆ هەر بارێك بڕی 7000 حەوت هەزار دینار وەك تامین وەردەگیرێت تا ئێستاش لە گەڵ ئەوەی چەندین كارەساتی هاتوچۆ رویداوە ، هیچ ئۆتۆمبێلێك قەرەبوو نەكراوەتەوە ، سەرەرای ئەوە لەمانگی پێشوو هەر شوفێرێكی بارهەڵگر بری 100 هەزار دیناری لێسەندراوە بەبیانووی نۆژەنكردنەوەی گۆرەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل (گەراج).

روونیشیكردەوەتەوە، لە ئێستادا لە مەرزی حاجی ئۆمەران زیاتر لە 633 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كاردەكەن بەپێی سەپاندنی ئەم بریارە حزبیە لانیكەم مانگانە هەر ئۆتۆمبێلێك زیاتر لە 220 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەرباری ئەوەش بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری ترانزێت بری 50 دۆلار وەردەگیرێت، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل تازەی هاوردەكراو بری 50 دۆلار وەردەگیرێت، ئەم بڕەپارەیە مانگانە دەكاتە سەدان هەزار دۆلار راستەوخۆ بۆ گیرفانی تایبەتی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا