نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا و دۆسییەكانی گەندەڵی و سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق گفتوگۆی كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا پاش سەردانەكەی بۆ لای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق ئاشكرایكرد “سیستانی جەختیكردەوە لەسەر پاراستنی سەروەری عێراق و رێگەنەدان بە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت لەم بوارەدا.”
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق راشیگەیاند: نەتەوەیەكگرتووەكان لەو خاڵانەدا هاوڕای سیستانییە.
باسی لەوەشكرد، لەسەر سێ بابەتی گرنگ گفتوگۆمانكرد، كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بەپێی یاسایەكی دادوەرانە بۆ هەموو لایەنەكان و سەپاندنی هەژموونی دەوڵەت و داماڵینی چەكە نایاساییەكان و كردنەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی و لێپرسینەوەی گەندەڵكاران دەگرێتەوە.
جێنین پلاسخارت ئاماژەی بەوەشكرد، لەئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكان عێراق بەرەو هەڵدێرێكی ترسناك دەچێت.
لای خۆشیەوە، نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق بەیاننامەیەكی لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، دەبێت سازان لەسەر یاسایەكی دادگەرانە بكرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی هەندێك كوتلە و لایەنی سیاسی، وتی: پێویستە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر بەڕێوەبچێت و نەتەوەیەكگرتووەكانیش یەكێك بێت لەلایەنەكانی چاودێریكردنی پرۆسەكە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دەربازكردنی عێراقە لەو قەیرانەی ئێستا تێیكەوتووە و دواخستنی هەڵبژاردن یاخود ئەنجامدانی بەبێ هاتنەدی مەرجەكانی سەركەوتن، دەبێتە هۆی قوڵكردنەوەی كێشەكان و هەڕەشە لەسەر یەكێتی عێراق و ئایندەی دروستدەكات و ئەوكاتیش هەموولایەك پەشیمان دەبنەوە.
مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق وتی: دەبێت حكومەتی ئێستا بەردەوام بێت لە هەنگاوەكانی بۆ چاكسازی كۆمەڵایەتی و كۆنتڕۆڵكردنی دەروازەسنوورییەكان و دەبێت حكومەت شكۆی دەوڵەت بسەپێنێت و چەكی بێ مۆڵەت بكێشێتەوە و رێگەنەدات بە دابەشكردنی وڵات بەسەر كۆمەڵە ناوچەیەكدا كە گروپە چەكدارەكان تێیدا باڵادەستبن و دەبێت حكومەت هەنگاوی جدی بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
باسی لەوەشكرد، ئاشكراكردن و دەستگیركردنی ئەو تاوانكارانەی دەستدرێژییانكردووەتە سەر خۆپیشاندەران یان هێزە ئەمنییەكان یاخود موڵكی گشتی پێویستە، بە تایبەتیش ئەوانەی بەمدواییە تاوانەكانی رفاندن و تیرۆركردنیان ئەنجامداوە.
عەلی سیستانی ئاماژەی بەوەشكردووە، پاراستنی سەروەری وڵات و رێگرتن لە دەستوەردانە دەرەكییەكان و دوورخستنەوەی مەترسی دابەشكردنی عیراق بەرپرسیارێتی هەموولایەكە.